Azat Muhammet
23 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 28 نیسان 2017
دهۆک - AA
یاریدەدەرى سەرۆکى هەرێمى کوردستان، هێمن هەورامى رایگەیاند "ئەنجامدانى ریفراندۆم و سەربەخۆیی مافى رەواى خۆمانە، گەلى کورد لەوە دڵنیا دەکەینەوە کە ئەمساڵ ریفراندۆم ئەنجام دەدەین و پڕۆسەیەکى چارەنووساز لە بەردەممانە".
یاریدەدەرى سەرۆکى هەرێمى کوردستان، هێمن هەورامى لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "هەرێمى کوردستان سوورە لەسەر ئەنجامدانى ریفراندۆم، لە ئەمساڵدا ئەو پرۆسەیە ئەنجام دەدەین و بڕیارى سەرکردایەتى سیاسى کوردى و بڕیارى سەرۆکى هەرێمى کوردستان، مەسعود بارزانى لەم رووەوە زۆر جددى و ئاشکرایە، ئێمە داواکارین لە لایەنە سیاسییەکان هاوکارمان بن و پێکەوە هەنگاو بنێین، چونکە بابەتى ئەنجامدانى ریفراندۆم و سەربەخۆیی بابەتێکى نەتەوەیی و نیشتمانییە".
هێمن هەورامى گوتیشى: "رەنگە پێشمان بڵێن بارودۆخى دارایی هەرێم بۆ ئەنجامدانى ریفراندۆم لەبار نییە و نێو ماڵى کوردى رێکنەخراوە، رەنگە بڵێن هەرێمى کوردستان دواى دەوڵەت بوون ناتوانێت خۆى بەڕێوە ببات، بەڵام پرسیار ئەوەیە ئەوانەى داوا دەکەن ریفراندۆم و سەربەخۆیی داوبخرێت با باوەڕمان بۆ دروست بکەن کەى کاتى سەربەخۆیی و ریفراندۆمە، دواى سێ ساڵى تر یان پێنج ساڵى دیکە. کێ دەتوانێت بمانگەیەنێتە ئەو باوەڕەی کە ئێستا کاتى ئەم پرسە نەتەوەییانە نییە؟".