Hemin Hüseyin
27 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 28 شوبات 2017
هەولێر-AA
بەئامادەبوونی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، فەلاح مستەفا و کۆنسوڵی گشتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هەولێر، کین گرۆس گۆشەی ئەمریکی لە زانکۆی کوردستان کرایەوە.
گۆشەی ئەمریکی لە زۆربەی زانکۆکانی وڵاتانی دونیا هەیە و ئامانج لەم گۆشەیە ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری و تێکەڵاوبوونی پەیوەندییە زانستی و کولتوورییەکانە لەنێوان ئەمریکا و وڵاتاندا و لەم چوارچێوەیەشدا لە زانکۆی کوردستان گۆشەی ئەمریکی کرایەوە.
کۆنسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەولێر، کین گرۆس لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا تیشکی خستە سەر ئامانجەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و گوتی: "ئێمە گۆشەی ئەمریکیمان لە سەرانسەری جیهاندا هەیە، مەبەست لێی ئەوەیە کە نوێترین زانیاری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بدەین و ئاڵوگۆڕی زانیارییەکان بکەین و لە هەمانکاتدا تێکەڵاوی لەگەڵ خەڵکی وڵاتاندا دروست بکەین، لەلایەکی دیکەوە مەبەستمانە زۆرترین زانیاری بدەین بەو قوتابییانەی کە دەیانەوێت لە ئەمریکا بخوێنن، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا سوود بەهەموو لایەک بگەیەنین".
کین گرۆس گوتیشی: "هەر گۆشەیەکی ئەمریکی لە سەرانسەری جیهاندا چەند ئامانجێکی سەرەکی هەیە کە یەکەمییان بریتییە لەوەی کە زانیاری لەسەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێشکەش بەخەڵک بکات، ئامانجی دووەم بریتییە لەوەی هانی خەڵک بکات بۆ فێربوونی زمانی ئینگلیزی، ئامانجی سێیەمیش بریتییە لە ئاڵوگۆڕی پەیوەندییە زانستییەکان لە رێگای خوێندنی قوتابییان لە زانکۆکانی ئەمریکا و لەگەڵ ئەوەشدا ئاڵوگۆڕی پەیوەندییە کولتوورییەکان یەکێک لە ئامانجەکانی ئەو گۆشەیە".
هەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، فەلاح مستەفا ئاماژەی بەگرنگی کردنەوەی ئەم گۆشەیە کرد و گوتی: "کردنەوەی گۆشەی ئەمریکی لە زانکۆی کوردستان گرنگییەکی تایبەتی هەیە بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت لە زانکۆکانی ئەمریکا بخوێنن و لە هەمانکاتدا ئەو گۆشەیە دەبێتە هۆی ئاڵوگۆڕی زانیارییەکان و رۆژانەش زانیارییەکان نوێ دەکرێنەوە کە بێگومان ئەمەش هۆکارێکە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی قوتابییان".
لە ساڵی ٢٠٠٤ تا ئێستا، ٧٠٠ گۆشەی ئەمریکی لە ٧٠ وڵات کراوەتەوە کە ئەمەش تایبەتە بەپەیوەندیی و دۆستایەتی و ئاڵوگۆڕی زانیاری لە رێگای بەڵگە و گۆڤار و فیلمی دۆکیۆمێنتاری.