ھەولێر - AA
چاودێرێکی سیاسی دەڵێ: دەرکەوتنی بەھێزی ئۆپۆزسیۆن و دابەزینی رێژەی دەنگەکانی (پ.د.ک) و (ی.ن.ک) لە ھەڵبژاردنەکانی رابردوودا، وایکردووە ئەم ھەڵبژاردنە ببێتە جێی بایەخ.
رەنگە لایەنە سیاسییەکانی ھەرێم کە ھێشتا شەش مانگ بەسەر دوایین ھەڵبژاردنی پەرلەمانی تێدەپەڕێ و تێیدا ھەمووان قەبارەی خۆیان تاقیکردەوە، لەم ھەڵبژاردنەکەی ئەنجومەنی پارێزگاکان، پێویستیان بەوە نەبێ وەکو تاقیگەیەک بچنە کێبرکێوە بۆ ھەڵسەنگاندنی جارێکی دیکە قەبارە و قورساییان. بە تایبەت لەو ماوەیەدا رووداوێکی کاریگەری ئەوتۆ نەھاتووەتە پێش کە ئاماژەبێ بۆ ئاوەژۆ بوونی ئەنجامەکان یان ھەڵگێڕانەوەی نەخشەکە بۆ سەر شێوەی پێش ساڵی ٢٠٠٩.
ئەوەی بە لای لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمەوە لەو ھەڵبژاردنە جێی بایەخە، ئەوەیە دووەم ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانە لە ھەرێم لەوەتەی ساڵی ١٩٩٢ و بوونی یاسای ئەنجومەنی پارێزگاکان کە ساڵی ٢٠٠٩ پەرلەمانی کوردستان پەسەندیکرد. ئەو یاسایەی ئەنجومەنەکانی کردووە بە حکومەتی بچووککراوەی ھەر پارێزگایەک بە بڕیار و دەسەڵاتی زیاتر لە پێشوو.