Zana Natık Kerem
15 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 16 حوزەیران 2021
ھەولێر ــ AA
وەزیری ناوخۆی عێراق، عوسمان غانمی رایگەیاند کە ھێزەکانی پۆلیس دۆسیەی ئەمنیی سەنتەری قەزای شنگال رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا دەپارێزن، ئاماژە بەوەیش دەکات کە ھێزێکی فریاکەوتن بە ئامانجی پاراستنی ناحیەی نەمروود باشووری پارێزگای نەینەوا پێکھێنراوە.
میدیاکانی عێراق بڵاویانکردەوە کە عوسمان غانمی لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەک فەرماندەی ئەمنیی پارێزگای نەینەوا، ئاماژەی بەوەداوە کە خۆی راستەوخۆ سەرپەرشیتی دۆسیەی ئەمنیی قەزای شنگال دەکات و راشیگەیاندووە کە لیژنەیەکی ئەمنیی سەردانی قەزاکانی شنگال و مەخموور دەکات، ئەوەیش بەمەبەستی تاوتوێکردنی رەوشی ئەمنیی ھەردوو قەزاکە.
باسی لەوەشکردووە کە ھێزەکانی پۆلیس دۆسیەی ئەمنیی سەنتەری قەزای شنگال دەپارێزن و پاراستنی دەورووپەری سەنتەری قەزاکەیش بە ھێزەکانی سوپا راسپێردراوە و گوتی: "ھێزێکی فریاکەوتن بە ئامانجی پاراستنی ناحیەی نەمروود باشووری پارێزگای نەینەوا پێکھێنراوە".