Azad Muhamed
31 مای,س 2016•نوێکردنەوە: 01 حوزەیران 2016
بەڕێوەبەری کاروباری ئایینی کوردی ئێزدی لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، خەیری بۆزانی لە لێدوانێکی بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند "نزیکەی ١٥٠ کەس لە کوردی ئێزیدی لەلایەن چەکدارانی داعش گواستراونەتە شاری فەللوجە و لە ئێستادا لە ناو گیرخواردوانی شارەکەدان و لە بارودۆخێکی ناجیگر و خراپدا دەژین".
بۆزانی گوتی: "ئەو کوردانەی لە فەللوجە گیریان خواردووە و کەوتوونەتە ژێر ھەڕەشەی لوولەی تفەنگەکان لە ناوچەکە، لە منداڵ و ژن و کچ و پیاو پێک دێن بەشی ھەرەزۆری گیرخواردوانی کوردی ئێزدی لە فەللوجە ئافرەتن کە پێشووتر لەلایەن چەکدارانی داعشەوە بۆ ئەو شارە گواسترابوونەتەوە".
لەبارەی ھەوڵەکان بۆ رزگار کردنییان بۆزانی بە ھەناسەیەکی ساردەوە گوتی: "تەنھا ئومێدمان بە خوا ماوە بە ھانای کوردی ئێزدییەوە بێت، ھەر چەند ھەوڵ بدەین و داوا لە حکوومەتی عێراق بکەین بێ سوودە، چونکە چەندین جارە داوا لە حکوومەتی عێراق دەکەین بۆ یەکجاریش بە دەنگ داواکانی کوردی ئێزدیەوە نەھاتوون، بۆیە لە حکوومەتی عێراق بێ ئومێد بووین".
بەڕێوەبەری کاروباری کوردی ئێزدی لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتیشی: "داوا لە حکوومەتی عێراق و فەرماندە سەربازییەکانی بەشدار لە کۆنترۆڵکردنەوەی فەللوجە دەکەین وەک بابەتی مرۆیی ھەڵستن بە پاراستنی گیانی ھاووڵاتییان لەو شارە، مەبەستمان ھەموو گیرخواردوانی شارەکەیە بە کوردی ئێزدی و بە دانیشتووانی شارەکەشەوە، چونکە ئەمە بابەتەکی مرۆییە پێش ھەموو بابەتێکی ئایینی و مەزھەبی و نەتەوەیی".
بەڕێوەبەری کاروباری کوردی ئێزدی لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رووی قسەکانی دەکاتە نەتەوەیەکگرتووەکان و دەڵێت: "داوامان لە سکرتێری گشتی نەوەتەوەیەکگرتووەکان، بان کی مۆن کردووە کە ھەوڵەکانییان چڕ بکرێتەوە بۆ بە ھاناوە ھاتنی کوردی ئێزدی، کەچی تا ئێستا ھیچ شتێک لە کارەکانییان دیار نییە".
دەشڵێت: "بە ھەمان شێوە داوامان لە رووسیاش کردووە بۆ بە ھاناوە ھاتنی کوردی ئێزدی، کەچی تا ئێستا ھیچ ھەنگاوێک نەنراوە بۆ ھاوکاری کردنی کوردی ئێزدی و بۆ لە چنگ دەرھێنانیان لە دەست تیرۆرستانی داعش".
بۆزانی بە دەنگێکی پڕ لە گریانەوە دەنگی ھەڵدەبڕێت و دەڵێت: "لە بێ کەسی کوردی ئێزدیە، بۆیە کەس بە ھانامانەوە نایەت. بەیانی یان دوو بەیانی یەک ھاووڵاتی ئەمریکی یان رووسی بڕفێندرێت ھەموو وڵاتان دێنە دەنگ، کەچی بە ھەزاران کچ و ژنی کوردی ئێزدی لە ژێر زەبر و زەنگی تیرۆریستانی داعشدا دەژین نە وڵاتانی ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش نە وڵاتانی ئیسلامی ھەوڵییان نەداوە بۆ رزگار کردنییان".
٢٣ ئەم مانگە سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی ئۆپراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی شاری فەللوجەی سەربە پارێزگای ئەنبار راگەیاند.
بەپێی راگەیەنراوی رێکخراوی فەللوجە بۆ فریاکەوتنی مرۆیی لە دوای دەست پێکردنی ئۆپراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی شاری فەللوجە ھێزە عێراقییەکان بەرەو سەنتەری شارەکە ھەنگاو دەنێن شارەکەیان گەمارۆ دراوە ھێزە ئەمنییەکانی عێراقیش رێگە بە ھاوکارییە مرۆییەکان نادەن بۆ سەنتەری شارەکە رەوانە بکرێت، ئەمە لە کاتێکدایە کە ژمارەیەکی زۆر خەڵکی سڤیلی لە ناو شاری فەللوجە ماون و گیریان خواردووە و لە گوزەرانێکی دژواردا ژیان بەسەر دەبەن، پێداویستییە پزیشکییەکانیش بەرەو تەواو بوون دەچێت. بەپێی لێدوانەکانی بەرێوەبەری کاروباری کوردی ئێزدی بێت لە حکوومەتی ھەرێم بەشێک لە گیرخواردووانی فەللوجە کوردی ئێزدیین.