سلێمانی
گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پ. د. ک لەپارێزگای سلێمانی عەبدولوەھاب عەلی ئەمڕۆ چوارشەمە بۆ AA گوتی: "وەک پارتی لەگەڵ ئەوەداین عێراق یەک بازنەی ھەڵبژاردن بێ، ئەگەر وا نەبێ ئەوا لەفرە بازنەییدا زیان بە کوردو کورسییەکانی کورد دەگات لەپەرلەمانی عێراق، بەبڕوای ھەموو چاودێران و شارەزایان کورد لەھەڵبژاردنی فرە بازنەییدا نزیکەی ٢٥ کورسی لەدەست دەدا، بۆیە ئەگەر ھەڵبژاردنەکە بەیەک بازنەیی نەکرێ ئەگەری ئەوە زۆرە پارتی بەشداری لە پرۆسەکەدا نەکات."
رۆژی سێشەمە لەناو ھۆڵی پەرلەمانی عێراق لەکاتی گفتوگۆکردن لەسەر یاسایەکی تایبەت بە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، ئاڵۆزیی لەنێوان دوو پەرلەمانتاری یەکێتی و گۆڕان دروست بوو، بەو ھۆیەشەوە کۆبونەوەی پەرلەمان دواخرا.
گۆڕان و ژمارەیەک لەپەرلەمانتارانی پارتی لەگەڵ ئەوە بوون پەلە نەکرێ لەیاساکەداو دژی ئەوەن ھیچ تایبەتمەندییەک بدرێتە کەرکوک، داوایش دەکەن ھەڵبژاردن لەو پارێزگایە ئەنجامبدرێ.
عەبدولوەھاب عەلی لەو بارەیەوە گوتی: "جیاکردنەوەی بەردەوامی کەرکوک لەپرۆسەی ھەڵبژاردن، ئەوە دەگەیەنێ گومانێک لەسەر کوردایەتی شارەکە ھەیەو کێشەیەک ھەیە کەڕەنگە خەڵکانێکی دیکە خۆیان بەھاوبەشی کێشەکە بزانن، بۆیە حەز ناکەین کەرکوک لەھەڵبژاردندا جیابکرێتەوەو تایبەتمەندیی پێ بدرێ."