هەولێر
گەرمیان 23 لەسەدی رووبەری هەرێمی كوردستان پێكدەهێنێت و پتر لە 400 هەزار كەس دانیشتووانەكەیەتی.
ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بێستون فایەق لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاشكرایكرد پتر لە هەفتەیەك لەمەوبەر پڕۆژەیەكی بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئیدارەی گەرمیان وەكو پارێزگا پێشكەشی پەرلەمان كردووە.
لەوبارەیەوە گوتی: "پێش چەند رۆژێك لەمەوبەر پڕۆژەیەكم پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمان كردووە بۆ ئەوەی وەكو پارێزگا مامەڵە لەگەڵ ئیدارەی گەرمیاندا بكرێت، هەرچەندە لە پێشووتریشدا ئەو پڕۆژەیە پێشكەش كراوە، بەڵام ئێستا گەرمیان بۆ خۆی وەكو پارێزگایە سەرۆكی ئیدارەكەشی پۆستی پارێزگاری هەیە و چل بەڕێوەبەرایەتی گشتی هەیە، بەڵام كێشە ئەوەیە مامەڵەی پارێزگا لەگەڵ ئیدارەی گەرمیاندا ناكرێت".
بێستون فایەق لە درێژەی لێدوانەكەیدا ئاماژەی بۆ ئەوەكرد كە لە پڕۆژەكەدا باسی لەوەكردووە كە پێویستە لە بوودجە و لە خزمەتگوزارییەكان و دامەزراندن و كارەكانی دیكەشدا حكوومەت مامەڵەی پارێزگا لەگەڵ گەرمیاندا بكات.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی كوردستان كە پێیوابوو بە پارێزگاكردنی گەرمیان و هەڵەبجە دوو پرسی جیاوازن و پێشكەشكردنی پڕۆژەكەی مانای ئەوە نییە كە هەڵەبجە بوو بە پارێزگا دەبێت گەرمیانیش ببێت.
ئەندامەكەی پەرلەمان پێشیوایە كە كێشەی سیاسی و ئیداری وا دەكات ئێستا نەتوانرێت گەرمیان بكرێت بە پارێزگا، لەوبارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بەشێكی كێشەی نەكردنی گەرمیان بە پارێزگا ئەوەیە لە چوارچێوەی سیاسەتی تەعریب و تەبعیسدا حكوومەتی بەعس پێشتر هەندێك ناوچەی ئێستای گەرمیانی لە كەركووك دابڕیوە، بۆیە كردنی گەرمیان بە پارێزگا كاریگەریی لەسەر كەركووك و دیمۆگرافیای ئەو پارێزگایە دەبێت".
گوتیشی: "واتە كردنی گەرمیان بەهۆی كێشەی سیاسی و ئیداریی لە ئێستادا نەگونجاوە".
لەگەڵ ئەوەشدا بێستون فایەق گوتی: "پێویستە وەكو لە پڕۆژەكەمدا باسم كردووە پێویستە حكوومەتی هەرێم مامەڵەی پارێزگا لەگەڵ گەرمیان بكات تا ئەو كاتەی پرسی كەركووك و ماددەی 140 یەكلایی دەبێتەوە".
ئەو ئەندامەی پەرلەمان پێشیوایە ناوچەی گەرمیان و دانیشتووانەكەی قوربانیدەرن و بارگرانییەكی گەورەیان لەسەر شانە و پێویستی بەوە هەیە خزمەتی پتر بكرێت.
چالاكوانی كۆمەڵگەی مەدەنی بێستون ژاڵەیی كە پتر لە نۆ ساڵە یەكێكە لەو كەسانەی بە دوای ئەوەوەیە گەرمیان بكرێت بە پارێزگا لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بە پارێزگا كردنی گەرمیان رێگر نابێت لە گەڕانەوەی كەركووك بۆ سەر هەرێمی كوردستان"، لەو بارەیەوە گوتی" لە ساڵی 2006 حكوومەتی هەرێم بڕیاریداوە گەرمیان ئەنجوومەنی پارێزگای خۆی هەبێت، كەچی نەكرا، ئێستا گەرمیان رووبەرێكی فراوان و دانیشتووانێكی زۆری هەیە كە شایانی ئەوەیە بكرێت بە پارێزگا، گەرمیان 23 لەسەدی رووبەری كوردستان پێكدەهێنێت و ژمارەی دانیشتوانیشی 423 هەزار كەس دەبێت".
ژاڵەیی گوتیشی گەرمیان لە رووی ئابووریشەوە شیاوی ئەوەیە بكرێت بە پارێزگا، چونكە بە قسەی ئەو ساڵانە دوو ملیار دۆلار قەبارەی بازرگانیی ئێران و هەرێمی كوردستانە لە دەروازەی پەروێزخانەوە لە گەرمیان.
لە كۆتایی قسەكانیدا بێستون ژاڵەیی گوتی: "بەداخەوە حكوومەتی هەرێم ئێستا مامەڵەی پارێزگا لەگەڵ گەرمیان ناكات".