Hamit Hüseyin
15 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 16 ئادار 2016
بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان ھێمن ھەورامی، لە بارەی پەیوەندییەكانی ھەرێمی كوردستان و ئەمریكا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "پەیوەندییەكانی ھەرێمی كوردستان و ئەمریكا لە ئاستێكی باشدایە. بە حوكمی ئەوەی كە ئەركێكی ھاوبەشمان ھەیە لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش دەبێت ئەو پەیوەندیە باشتر ببێت، بەبێ پشتیوانی ھێزی ئاسمانی ئەمریكا ئێمە نەماندەتوانی ئەو سەركەوتنانە بەدەست بھێنین و ھەروەھا ئەمریكاش بەبێ بوونی پێشمەرگە لە سەر زەوی، نەیدەتوانی ئەو دەستكەوتانە تۆمار بكات. لە زۆر شوێنی دیكە ئەمریكا ھێرشی ئاسمانی دەكات، بەڵام ھێزی زەوی نییە بۆیە ناتوانێت لە ستراتیجیەتی شكاندنی داعش سەركەوتنی باشتر بەدەست بھێنێت".
ھێمن ھەورامی ھەروەھا گوتی: "بۆ ئێمە و ئەمریكا ئاسایشی ھەرێمایەتی و ئاسایشی وزە و پێگەی ھەرێمی كوردستان لە هاوكێشەكانی نێوان شیعە و سوننە و رۆلی ئێستای ئەمریكا لە عێراق گرنگە و ئەوانە ئەو خاڵانانەن كە پێویستە ئەمریكا لەگەڵ ھەرێمی كوردستان پەیوەندییەكانی بەرەو باشتر ببات، لەسەر زەوی پێشمەرگە باشترین ھاوپەیمانی ئەمریكایە لە ناوچەكە بەپێی لێدوانەكانی ئەوان".
ھەورامی لەبارەی پێدانی چەك بە پێشمەرگە گوتی: "لە ئەمریكا تا ئێستا پێدانی چەك راستەوخۆ بۆ پێشمەرگە یەكلایی نەبووەتەوە و لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریكا پرۆژە یاسایەك بۆ پێدانی چەك بە پێشمەرگە ئاراستە كرا كە تەنیا توانی ٥٤ دەنگ بە دەست بھێنێت بەڵام پێویستی بە ٦٠ دەنگ ھەبوو. ئەمریكا ولاتێكی دامەزراوەییە و ئەوان بەپێی یاسا كار دەكەن و ئەگەر ئێمە وڵات نەبین ئەوان ناتوانن چەك بە ئێمە بدەن ھەرچەندە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریكا ھەوڵێكی دا بۆ ئەوەی ئەو یاساییە هەموار بكاتەوە بەڵام نەیانتوانی لە ھەمانكاتدا ھەوڵەكان بەردەوامن".
لە كۆتاییدا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئەوان ھەوڵیان داوە ئەگەر چەك و تەقەمەنی بۆ بەغدا بنێردرێت بە زەمانەتەوە بەشێكی ئەو چەكانە بۆ ھەرێم رەوانە بكرێن. ئەو چەكانەی كە پێشمەرگە پێویستی پێیەتی وەك تانكی پێشكەوتو و ئۆتۆمبێلی گولـلە نەبڕ و ھێلیكۆپتەری جەنگی".