Azat Muhemmet
23 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 24 تشرینی یەکەم 2017
دهۆک – AA
لە ساڵى ٢٠١٤ داعش هەموو هەوڵێکى تاقیکردەوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنى چیاى شنگال، بەڵام بە هۆى بەرگری چەکدارە شەڕکەرەکانى ئێزدى بە فەرماندەیی قاسم شەشۆ و قاسم سمێر و بە پشتیوانى هێزەکانى پێشمەرگە سەرجەم هەوڵەکانى داعش شکستیان هێنا. دواى تێپەڕبوونى زیاتر لە سێ ساڵ حەشدى شەعبى بە بێ تەقە شارۆچکەى شنگالیان کۆنتڕۆڵ کرد و لە ئێستاشدا کار بۆ کۆنتڕۆڵکردنى تەواوى چیاى شنگال دەکەن.
فەرماندەی فەرماندەیی شنگال، قاسم شەشۆ لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "بە هۆى پێگەی ستراتیجى چیاى شنگال لە رووى سەربازییەوە کە بووەتە چەقى لێوردبوونەوەى وڵاتە هەرێمییەکانى ناوچەکە و لە ئێستادا حەشدى شەعبى بە مەبەستى دروستکردنى سەربازگە لە لووتکەى چیاکە بە رێککەوتن لەگەڵ پەکەکە لە هەوڵدان دەست بەسەر چیاکەدا بگرن".
شەشۆ دەشڵێت "بە کۆنتڕۆڵکردنى چیاى شنگال لە لایەن گرووپە چەکدارە نادەستورییەکان یان میلیشیاکانى حەشدى شەعبى هەڕەشە دەکەوێتە سەر تەواوى ناوچەکە و دەبێتە هۆى نائارامى، دیمۆگرافیاى تەواوى سنوورەکە بۆ سنوورێکى سەربازى دەگۆڕێت".
شارەزاى جوگرافى و شرۆڤەکارى سەربازى، دکتۆر عەبدولخالق رەشید لەمبارەیەوە بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو دەڵێت "حەشدى شەعبى لەژێر چاودێرى ئێران هەموو هەوڵێکى خستووەتەگەڕ بۆ کۆنتڕۆڵکردنى تەواوى چیاى شنگال، ئامانج لە کۆنتڕۆڵکردنى چیاکە بەهێزکردنى پێگەى سەربازى ئێرانە لە عێراق و سووریا و هەروەها لاوازکردنى پێگەى تورکیایە لە ناوچەکە و دروستکردنى هەڕەشەیە لەسەر ئیسرائیل و چەند وڵاتێکى دیکەى ناوچەکە".
ئەو شرۆڤەکارە سەربازییە دەڵێت "کۆنتڕۆڵکردنى تەواوى چیاى شنگال لە لایەن حەشدى شەعبى، خاڵى بەهێزى ئێرانە بۆ بەرگریکردن لە هیلالى شیعى، ئەگەر لەو سنوورانە ورد ببینەوە کە لە لایەن حەشدى شەعبى کۆنترۆڵکراون لە سنوورى نێوان هەرێمى کوردستان و عێراق، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە ئێران هیلالى شیعى دروستکردووە، بۆیە لە سنوورى نێوان عێراق و سووریا پێویستى بە لایەنى سەربازى هەیە بۆ بەرگریکردن لەم هیلالە شیعییە، تاکە شوێن کە ئێران بە نیازە بە کاریبهێنێت، چیای شنگالە".
فەرماندەى مەیدانى لە سنوورى شنگال، عەمید وریا زیارەتى بۆ ئاژانسی ئانادۆڵۆ ئاشکراى دەکات کە ئەو چەکدارانەى لە ژێر ناوى سوپاى عێراق روویان لە شنگال کردووە، میلیشیاى حەشدى شەعبى لەگەڵ بەشێکى زۆر لە فەرماندە و سەربازانى سەربە سوپاى پاسدارانى ئێران، تەنانەت بەشێک لە چەکدارەکان سەربە حزبوڵڵاى لوبنان بوون، تا ئێستاش بوونیان لە سنوورى شنگال هەیە و کار و چالاکییەکانیان درێژەى هەیە.
چیاى شنگال دەکەوێتە سنوورى نێوان عێراق و سووریا، ٧٩ کیلۆمەتر درێژە و زیاتر لە هەزار و ٤٠٠ مەتر بەرزە و لە رووى سەربازییەوە لە دێر زەمانەوە بە چیاییەکى سەخت و ستراتیجی ناسراوە.