Hemze Mensur
19 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 20 شوبات 2016
ئەنبار
قایمقامی قەزای فەللوجە سەربە پارێزگای ئەنبار سەعدوون شەلال ئەمڕۆ هەینی ئاشكرای كرد، هۆزە چەكدارەكانی سوننە، لە پاش هێرشی چەكداری توانیویانە چەند گەڕەكێك لە باكوور و باشووری شارەكە لە ژێردەستی چەكدارانی داعش رزگار بكەنەوە.
لە لێدوانێكی تایبەتدا شەلال زانیاری زیاتری دایە ئاژانسی ئانادۆڵو و رایگەیاند، ئەمڕۆ هۆزە چەكدارەكانی سوننە، هێرشی توند و قورسیان كردە سەر شوێنەكانی چەكدارانی داعش لە گەڕەكی جۆلان لە باكوور و لەگەڵ گەڕەكەكانی هەیاكل و شوهەدا لە باشووری شاری فەللوجە و توانیویانە ژمارەیەك لەو چەكدارانەی داعش بكوژن و گەڕەكەكانیش رزگار بكەنەوە.
شەعلان كە لە هەمان كاتدا جێگری سەرۆكی لیژنەی ئەمنییە لە قەزای فەللوجە هەروەها داوای لە حكوومەتی ئیتیحادی كرد، كە خێرا پشتیوانی بۆ ئەو راپەڕین و شۆڕشە بە رێگەی چەك و هێزی ئاسمانی رەوانەی هۆزە چەكدارەكانی سوننە بكات.
ناوبراو دەشڵێت: "هۆزە چەكدارەكانی سوننە توانای دەركردنی چەكدارانی داعش لە شاری فەللوجە هەیە".
لەلایەكی دیكەوە، هەر ئەمڕۆ هەینی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار سەباح كەرحووت ئاشكرای كرد، بەدەیان کەس لە رۆڵەکانی هۆزەكانی ئەلبوعەلوان و حلابسە و جریسات و محامدە ئەمڕۆ راپەڕینان دژی چەكدارانی داعش بەرپا كردووە و چەكیان بەڕووی چەكدارەكانی داعش هەڵگرتووە و لە ئەنجامیشدا توانیان تا رادەیەك شارەكە لە چەكدارانی داعش پاك بكەنەوە.
لە لێدوانێكدا كەرحووت ئەم زانیاریانەی دایە ئاژانسی ئانادۆڵو و هەروەها گوتی: "لە سەرەتای راپەڕینەكە، رۆڵەی ئەو هۆزانە بارەگای چەكدارانی داعشیان سووتاند و بازگەیەكی پشكنینی چەكدارانی داعشیان لەناو برد و پاشان لە دوای رووبەڕووبوونەوەیەكی چەكداریدا، هۆزەكانی سوننە توانیویانە بە رێگەی چەكی سووك و مامناوەند لە ناوچەی جۆلان لە باكووری فەللوجە پێنج چەكداری داعش بكوژن".
بەپێی زانیارییەكانی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار، لە ئێستادا شەڕ و رووبەڕووبوونەوەكان بۆ ناوچەكانی نزال لە ناوەڕاستی شاری فەللوجە شۆڕ بووەتەوە لە پاش ئەوەی بە دەیان چەكداری رۆڵەی هۆزەكانی سوننە پەیوەندییان بە راپەڕینەكەوە كردووە.
سەباح كەرحووت ئاماژە بەوەشدەكات، لە ناو چەی نزال، 150 چەكداری رۆڵەی هۆزی سوننە بەشداریان لە راپەڕینەكەی دژی چەكدارانی داعش كردووە و چەكدارانی داعشیش لە ناوچەكانی نزال لە ناوەڕاست و جۆلان لە باكووری فەللوجە كشاونەتەوە و ئەو دوو ناوچەیەش كەوتوونەتەوە ژێردەستی هۆزەكانی سوننە.
شاری فەللوجە كە زۆربەی دانیشتوانەكەی عەرەبی سوننەیە لە سەرەتای ساڵی 2014 لەلایەن چەكدارانی داعشەوە كۆنترۆڵ كرا و ماوەیەكیشە هێزەكانی عێراق رێوشوێنی ئەمنی توندیان لەسەر سنوورەكانی دەرەوەی شارەكە گرتووەتەبەر كە بەهۆیەوە رێگەی گەیاندنی پشتیوانی بۆ چەكدارانی داعش لە ناو شاری فەللوجە پچڕاوە.