تۆکیۆ
سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن شینزۆ ئابی رایگەیاند: ژاپۆن لە ھەوڵدانی چین بۆ دامەزراندنی ناوەندێکی بەرگریی لە دەریای رۆژھەڵاتی چین نیگەرانە.
ئابی گوتی: "ئەو ھەنگاوەی چین ھەنگاوێکی مەترسیدارە و دەبێتە ھۆی روودانی چەندین کارەساتی چاوەڕوان نەکراو. بۆیە ژاپۆن لەو ھەوڵدانانەی چین زۆر نیگەرانە."
لە لایەکی دیکەوە وەزیری دەرەوەی ژاپۆن فومیۆ کیشیدایش لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە داوە ھەوڵەکانی چین بۆ دامەزراندنی ناوەندێکی بەرگریی لە دەریای رۆژھەڵاتی چین، ھەنگاوێکی یەکلایەنە، بۆیە ئەگەری ئەوە ھەیە بێتە ھۆی روودانی کارەسات و رووداوی نەخوازراو بۆیە ژاپۆن گفتوگۆ دەکا لە سەر پرۆتستۆکردنی ئەو ھەنگاوەی چین.
ھێزە ئاسمانییەکانی چین دوێنێ رایانگەیاندبوو لە دەریای رۆژھەڵاتی چین، ناوەندێکی بەرگریی ئاسمانییان کردۆتەوە و دوو فرۆکەی تایبەتی چین لەو ناوەندە دەستیان بە فڕین لە سەر ناوچە جێ ناکۆکەکانی نێوان چین و ژاپۆن کردووە.
ئەو دوورگانەی کە لە دەریای رۆژھەڵاتی چین بوونەتە ھۆی ناکۆکی نێوان ھەر دوو لا بە زمانی چینی پێیان دەڵێن دوورگەکانی دیائۆیو و بە ژاپۆنیش سەنکاکو، سەرەڕای چین و ژاپۆن، وڵاتی تایلەندیش لە سەر ئەو دوورگانە داوای ماف دەکا.