hemn husain
23 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 24 کانوونی یەکەم 2015
بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکی ئەنجوومەنی پیرانی ئیتاڵیا پیترۆ گراسۆ و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان جەعفەر ئیمێنکی و ژمارەیەک لە وەزیرەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و کونسوڵی وڵاتان کونسوڵخانەی گشتی ئیتاڵیا لە شاری ھەولێر کرایەوە.
لە دوای سروودی نیشتمانی ئیتاڵیا و سروودی نیشتمانی ئەی رەقیب، سەرۆکی ئەنجوومەنی پیرانی ئیتاڵیا پیترۆ گراسۆ وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە کردنەوەی کونسوڵخانەی گشتی ئیتاڵیا لە ھەولێر و سوپاسی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەتی کوردستانی کرد و رۆڵی پەیوەندییەکانی ھەردو وڵاتی بەرزنرخاند.
دواتر سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان وتارێکی پێشکەش کرد و خۆشخاڵی خۆی دەربڕی بە کردنەوەی کونسوڵخانەی گشتی ئیتاڵیا و ھەروەھا لە وتارەکەیدا ستایشی حکوومەتی ئیتاڵیای کرد بە تایبەتی بۆ ھاوکاریکردنی ھێزەکانی پێشمەرگە لە دژی تیرۆریستانی داعش.
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی لە وتارەکەیدا گوتی: "زۆر شەرەفمەندین کە ئەمڕۆ پێشوازی لە سەرۆکی ئەنجوومەنی پیرانی ئیتاڵیا دەکەین کە تەشریفی هێناوە بۆ هەولێر و لەم مەراسیمەدا لەگەڵ بەڕێزیان بەشدار دەبین و خۆشحاڵین کە ئیتاڵیا بڕیاریداوە کە نمایشی خۆی لە هەرێمی کوردستان بەرزبکاتەوە ئەمە هەنگاوێکی زۆر دڵخۆشکەرە بۆ هەرێمی کوردستان بۆ پێشکەوتنی پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیتاڵیا لە هەموو رووێکەوە، هەر لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا یەکەم سەرۆکوەزیران بوو کە سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و هەر ئەوکاتیش پەیامی ئیتاڵیای بۆ گەلی کوردستان هێنا کە پاڵپشتی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان هێنا و ئێمە ئەو رۆژە ئەم پەیامەمان بەرزنرخاند و سوپاسمان کردن چونکە ئێمە لەوکاتەدا زۆر پێویستیمان بەوپاڵپشتییە هەبوو،ئەمڕۆش کە جەنابی سەرۆکی ئەنجوومەنی پیرانی ئیتاڵیا تەشریفی هێناوە بۆ هەولێر و ئەمەش دیسانەوە پاڵپشتییەکی گەورەیە بۆ عێراق بە گشتی و بۆ هەرێمی کوردستان بە تایبەتی".
نێچیرڤان بارزانی سوپاسی ئەفسەران و سەربازانی ئیتاڵیای کرد و پیرۆزبایی جەژنی کریسمسیشی بۆ خانەوادەکانیان نارد و گوتی: "ئەمڕۆ بە فورسەتی دەزانم کە زۆر سوپاسی یەکە بە یەکەی ئەفسەران و سەربازانی ئیتاڵیا بکەم کە رێگایەکی دووریان بڕیووە لە ئیتاڵیاوە هاتوون یارمەتی هێزی پێشمەرگە دەدەن لە رووی راهێنان و مەشقی سەربازی و جەژنی کریسمس لە خۆیان و خانەوادەکانیان پیرۆز دەکەین و پەیامی ئێمە بۆ خانەوادەی ئەفسەر و سەربازە قارەمانەکان ئەوەیە کە ئەوان لە هەرێمی کوردستان کارێکی مرۆیی دەکەن و پشتیوانی گەلێک دەکەن کە ئەمڕۆ نزیکەی هەزار کیلۆمەتر سنووری هەیە لەگەڵ دڕندەترین رێکخراوی تیرۆریستی لە جیهان و پەیامی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەموو ئەو وڵاتانە ئەوەیە کە گەلی کوردستان پێویستی بە هاوکاریی هەموو لایەک هەیە بۆ ئەوەی هەموومان بتوانین بە یەکەوە سەرکەوین، پێشمەرگە قارەمانەکانی ئێمە خۆراگڕانە لە هەموو بەرەکانی شەڕدا ئەمرۆ بەرگری لە مرۆڤایەتی کەڕامەت دەکەن و شەرەفمەندین کە ئەم ئەرکە پیرۆزەیان لەسەر شانە و لە هەمانکاتدا پێویستیان بە پاڵپشت و هاوکاریی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەیە و دووبارە بەناوی گەلی کوردستانەوە زۆر بەخێرهاتنی جەنابی سەرۆکی ئەنجوومەنی پیرانی ئیتاڵیا دەکەین و شانازی ئێمە لە بەر رابردووەیە کە جەنابیان هەیەتی و یەکێک لەم کەسانە بووە کە پێش ئەوەی سەرۆکی ئەنجوومەن بێت بەرگری لە پێوەری کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی و سەروەری یاسا کردووە".
لە کۆتایی رێورەسمەکەدا سەرۆکی حکوومەت رووبەڕووی هەندێک لە پرسیارەکانی رۆژنامەنووسان بووەوە و بە تایبەت لە پرسی بەرنامەی چاکسازی حکوومەت و هەنگاوەکانی ئەم پرۆژەیە، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی گوتی: "ئەم پڕۆژەیە بە چەند قۆناغێکدا تیدەپەڕێت و ئێمە لە سەرەتای ساڵی ئایندەوە دەست بەو چاکسازییە دەکەین ئەوانەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری لەسەرداوە و ئەوەی دوێنێش دەچێتە خانەی کەمکردنەوەی خەرجی و ئەوەی گرنگە کە من بیڵێم ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان بە قۆناغێکی زۆر سەختدا تێدەپەڕێت لە رووی داراییەوە کە ئەمەش هۆکارەکەی کەمبوونەوەی نرخی نەوتە و بابەتی شەڕی داعش و بڕینی بوودجەی هەرێم لە ساڵی 2014یە کە ئەمانە هەموو هۆکاری قەیرانی دارایی بوون و لەبەر ئەوەی هیوادارم خەڵکی کوردستان لەوە تێبگەن کە ئێمە پێویستە کە بڕیاری قورس بدەین و پڕۆژەی چاکسازی بڕیارێکی حکوومەتە و لێی دوو دڵ نین".