دوای ئەوەی لە ئازاری ٢٠١٢ دا و ئایاری ٢٠١٣ لە ئیسپانیا ئۆپۆزسیۆنی سوریا کۆبوونەوە، جارێکی دیکە لەو وڵاتە کۆ دەبنەوە بۆ چۆنێتی خۆ ئامادەکردن بۆ کۆنفرانسی جنێڤ٢.
کۆبونەوەکە بە بەشداری نوێنەری نزیکەی ١٢ پارتی ئۆپۆزسیۆنی سوریا و ١٣٠ کەسایەتیی رۆشنبیر بە مەبەستی دروستکردنی یەکدەنگی پێش کۆنفرانسی جنێف ٢ دەستی پێکرد.
کۆبونەوەکە تەنیا ٤٠ خولەکی یەکەمی بەڕووی میدیاکاندا کراوەبوو.
مانوێڵ گۆمەز، ڕێکخەری ژووری ئەفریقای باکوور و دەریای ناوەڕاست لە وەزارەتی دەرەوەی ئیسپانیا گوتاری کردنەوەی کۆبوونەوەی پێشکەش کرد و تێیدا نیگەرانی حکومەتی ئسپانیا بەرامبەر بە قەیرانی سوریا دەڕبری. گۆمەز هیوای خواست کۆنفرانسی جنێڤ٢ ببێتە یەکەم هەنگاوی بەرجەستە بۆ کۆتایی هێنان بەو تراژیدیایەی سوریا.
دواتر محەمەد فارس بەناوی سوپاسی ئازادی سوریاوە وتەیەکی پێشکەش کردو تێیدا ئاشکرای کرد کە لە ئێستادا پێویستیان بە پشگیری نێودەوڵەتی هەیە لەکاتێکدا ئەوان شيری چەکداری دژی رژێمەکەی بەشار ئەسەد درێژە پێدەدەن . و راشی گەیاند ،کە چەسپاندنی ئاشتی لە سوریا تەنیا لەرێی لابردنی تەواوی نوێنەرەکان و سیمبۆلەکانی رژێمی ئێستای سوریا بەدی دێت و جگە لەەوە هیچ چارەسەریەکی تر قابیلی قبوڵ نیە.
محەمەد بارما بەناوی پارتی گەشەپێدانی نەتەوەیی سوریا گوتەیەکی پێشکەش کردو گوتی: "ئێستا رژێمی هاوشێوەی فاشیزمی نازییەکان لە سوریا حاکمە و پێویستە سیستمێکی دیموکراسی لەسەر بنەمای ئاشتی و بێ جیاوازیی دین و رەگەز و زمان دابمەزرێ."
بەپێێ ئەو زانیارییانەی کە دەست کەوتوون، لە کۆبووەنەوەکەدا باس لە چۆنێتی رێکخستنەوەی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن و دروستکردنی خاڵی هاوبەشی زیاتر کراوە. هەروەکو باس لە چۆنێتی دۆزینەوەی میکانیزمێک کراوە بۆ کۆتایی هێنان بەو گروپانەی کە نزیکن لە رێکخراوی ئەلقاعیدە.
لەناو میدیای ئیسپانیا ئاماژە بەوە دەکرێ لە سەروبەندی ئەو قەیرانە ئابوورییەی کە ئێستا وڵاتەکەی گرتۆتەوە، ئیسپانیا ٢٥٠ هەزار یۆرۆی خەرجکردووە بۆ ڕێکخستنی ئەوکۆبوونەوەیە.
بڕیارە کۆبوونەوەکە دوو ڕۆژ بخایەنێ.