ھەولێر
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە ١٤-٠١-٢٠١٤ فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان لە تەلاری پەرلەمان کۆبوونەوە بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر دواکەوتنی ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و راسپاردنی پێکھێنانی حکومەتی نوێ.
ھەورامان گەچێنەیی پەرلەمانتاری فراکسیونی کۆمەڵی ئیسلامی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی"کۆبوونەوەی ئەمڕۆ فشارێک بوو بۆ لایەنە سیاسیەکان تا ئەو بارۆدوخە نالەبارە کۆتایی پێ بھێنرێ و پەرلەمان دانیشتنی ئاسایی خۆی دەست پێ بکاتەوە."
ھەورامان گوتی "ھەندی لایەنی بەھێز ھەن کاریگەری راستەوخۆیان ھەیە لەسەر پێکنەھێنانی حکومەت، ئێمە ئەو دۆخە چەقبەستوە بە ھەموو شێویەک رەت دەکەینەوە، ئەگەر حکومەت پێک نەیەت ئێمە فشاری دیکە دروست دەکەین."
پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی کوردستان ئومید خۆشناو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا گوتی "لە کۆبوونەوەکەدا فراکسیۆنەکان جەختیان لەسەر پێکھێنانی حکومەت کرد، ئەو دواکەوتنەوەی حکومەت کاریگەری لەسەر ژیانی خەڵک ھەیە و تا ئێستا روون نیە چ لایەنێک ھۆکاری سەرەکییە لە دواکەوتنی حکومەتە."
ھەروەھا گوتی "ھەموومان داوای حکومەتێکی بنکەفراوان و ئاشتیانە دەکەین، ئەوەیش پێویستی بە کاتێکی زۆر ھەیە."
تارق جەوھەر سارمەمی راوێژکاری راگەیاندنی سەرۆکی پەرلەمان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی "گفتوگۆی تێر و تەسەلی فراکسیۆنەکان لەنێو پەرلەمان،گەیشتە ئەو ئەنجامەی دەبێ پەلە لە پێکھێنانی حکومەت بکرێ."
فراکسیۆنەکان ھاوڕا بوون لەسەر ئەوەی کۆبوونەوی فراکسیۆنەکان بۆ گفتوگو و بیروڕا گۆرینەوە و بەدواداچوونی کێشە و پێداویستیەکانی ھاوڵاتیان بەردەوام بن.