Hamit Hüseyin
26 تشرینی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 26 تشرینی دووەم 2019
ھەولێر - AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکان و دیالۆگی چارەسەری کێشەکانی ھەولێرـ بەغدای بە ئەرێنی لە قەڵەم دا و خواستی ھەرێمی کوردستانی بۆ چارەسەرکردنی یەکجاریی کێشەکان لەگەڵ حکوومەتی عێراقی فیدرال دووپاتکردەوە.
ماڵپەری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە کە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەڕێوەبەری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا، ستیفانی ئەلقاق ھەموو ئامادەییەکی ھەرێمی کوردستانی بۆ ئارامی و سەقامگیری و چارەسەرکردنی کێشەکان لە عێراق دەربڕیوە، ھەروەھا روونیکردووەتەوە کە عێراق و ھەرێمی کوردستان پێویستییان بە پشتگیری و ھاوکاریی بەریتانیا ھەیە بەتایبەتی لە بوارەکانی چاکسازی، بانکداری و تەکنیکیدا.
لای خۆیەوە بەڕێوەبەری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا، ستیفانی ئەلقاق جەختی لە خواستی بەریتانیا بۆ برەودان بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ھەرێمی کورستان و عێراق کردووەتەوە و پێگەی ھەرێمی کوردستانی بۆ بەریتانیا و ناوچەکە بە گرنگ لە قەڵەمداوە، ھەروەھا پشتگیری و خۆشحاڵیی وڵاتەکەی بە باشبوونی پەیوەندییەکانی ھەولێرـ بەغدا و ھەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان نیشانداوە.
دوایین پێشھاتەکانی ناوچەکە، چۆنیەتی رووبەڕوونەوەی مەترسییەکانی سەرھەڵدانەوەی تیرۆر و چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی ھەردوولا، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.