مۆسکۆ
وەزیری دەرەوەی میسر نەبیل فەھمی و وەزیری دەرەوەی روسیا سێرجی لاڤرۆڤ لە روسیا کۆبوونەوە و کێشەی چەکی کیمیایی سوریا و کێشەی میسر و ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.
ھەر دوو وەزیر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا باسیان لە ناوەرۆکی کۆبوونەوەکەیان کرد.
لاڤرۆڤ لەبارەی بەکارھێنانی چەکی کیمیایی لە سوریا گوتی "بریاری کۆتایی لەبارەی بەکارھێنانی چەکی کیمیایی، ئەنجومەنی ئاساییشی نەتەوەیی یەکگورتووەکان دەیدا، ئێمەش وەک ھەموو لایەکیتر رێز لەم بڕیارە دەگرین".
ھەروەھا باسی ھەڵوێستی ئەمریکا و قەیرانی چەکی کیمایی کرد و گوتی "ھیوادارین ئەمریکاش پابەند بێ بە رێنماییەکانی جنێفەوە، ئەگەر ئەمریکا دەیەوێ لە سوریا ھیچ چەکێکی کیمیایی نەمێنێ، دەبێ لەگەڵ یەکتر دابنیشین و نەخشەڕێگایەکی ھاوبەش ئامادە بکەین".
وەزیری دەرەوەی روسیا راشیگەیاند وڵاتەکەی ئامادەیە لەگەل ئۆپۆزسیۆنی سوریا دابنیشێ و تاوتوێی قەیرانی سوریا بکا، بۆ ئەو مەبەستەیش دەتوانێ ھەموو لایەنەکان داوەتی مۆسکۆ بکا.
سێرجی لاڤرۆڤ باسی کۆبوونەوەی جنێف دوو-یشی کرد و رایگەیاند کە دەیەوێ ھەموو لایەنەکان فشار بخەنە شەر ئۆپۆزسیۆنی سوریا، تا سەرجەمیان بەشداری لە کۆبوونەوەکەی جنێف بکەن.
لەبارەی سەردانەکەی نەبیل فەھمیش لاڤرۆڤ ئاماژەی بەوەدا، پەیوەندیی زۆر کۆن و مێژوویی لە نێوان روسیا و میسر ھەیە. ھەروەھا گوتی "دەمانەوێ میسر و ھەموو وڵاتانی جیھان رێز لە مافی مرۆڤ بگرن، ھاوکات روسیا ھەموو جۆرە تیرۆر و توندوتیژیەک مەحکوم دەکا".
لای خۆیەوە نەبیل فەھمی وەزیری دەرەوەی میسر لە بارەی قەیرانی سوریاوە گوتی "پێویستە کێشەی سوریا بە رێگاچارەی سیاسی چارەسەر بکرێ، رەوانەکردنی کێشەی سوریا لە لایەن ئەمریکا و روسیاوە بۆ نەتەوەی یەکگرتووەکان ھەنگاوێکی گرنگە. ئەم کێشەیە دەبێ بەپێی رێنماییەکانی کۆبوونەوەی جنێف ٢ چارەسەر ببێ".
لە بارەی یەکەم سەردانی خۆشی بۆ دەرەوەیی میسر، فەھمی گوتی "ئەمە یەکەم سەردانمە بۆ دەرەوەی میسر، ئێمە زۆر بایەخ بە پەیوەندیی نێوان روسیا و میسر دەدەین، لەبەرئەوەی روسیا بۆ میسر زۆر گرنگە".