قاھیرە
دادگای میسر ئەمڕۆ دووشەممە (٢٣ ی ئەیلول) بڕیاریدا ھەموو جۆرە چالاکییەکی سیاسی (کۆمەڵی ئیخوان موسلیمین) لە سەرانسەری ئەو وڵاتە قەدەغە بکا.
ھەروەھا دادگە بڕیاری دا دەست بەسەر موڵک و ماڵی کۆمەڵەکەدا بگرێ، بۆ ئەو مەبەستەیش لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە مال و موڵکی ئەو رێکخراوە پێک بێنێ.
ئیخوان موسلیمین لە ساڵی ١٩٢٨ لەلایەن حەسن بەناوە دامەزراوە، لە پەنجاکانی سەردەی رابردوودا لەلایەن حکومەتی میسرەوە قەدەغە کرا تا روخانی رژێمی حوسنی موبارەک لە شوباتی ٢٠١١.
ئیخوان حزبێکی سیاسی بەناوی "حزبی ئازادی و داد" پێکھێنا و محەمەد مورسی کاندیدی ئەو حزبە لە یەکەم ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی پاش موبارەکدا لە حوزەیرانی ٢٠١٢ توانی نزیکەی ٥٢%ی دەنگەکان بەدەست بێنێ و بوو بە سەرکۆماری میسر.
بەڵام ناڕەزاییەکانی نەیارانی لە شەقامی میسری بۆ ماوەی ساڵێک لەدژی بەردەوام بوو، تا لە تەمموزی رابردوو عەبدولفەتاح ئەلسیسی وەزیری بەرگری مورسی لەکار لادا و عەدلی مەنسور سەرۆکی دادگەی دەستوری وەک سەرۆکی کاتیی وڵات دامەزراند.
لایەنگرانی مورسی لەدژی بڕیارەکەی سیسی بۆ ماوەی مانگ و نیوێک لە ھەردوو گۆرەپانی رابیعەی عەدەوی و نەھزە لە قاھیرە و خۆپیشاندانیان کرد، تا لە ١٤ی ئابی رابردوو ھێزە ئەمنیەکانی میسر بەزۆر خۆپیشاندانەکەیان بڵاوە پێکرد و لە میانەیدا سەدان کەس کوژران.