جنێڤ
سکرتێری نەتەوەیەکگرتووەکان بان کی مۆن رایگەیاند: کۆنفڕانسی جنێڤ دوو کە تایبەت بە بارودۆخی سوریایە، ٢٢ی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٤ دەبەسترێ.
بان کی مۆن لە بڵاوکراوەیەکدا کە لە لایەن گوتەبێژەکەیەوە بڵاوکراوەتەوە، رایگەیاندووە: کۆنفڕانسی جنێڤ دوو لە کاتی دەستپێکردنی شەڕی سوریاوە تا ئەمڕۆ، یەکەم کۆبوونەوەیە کە رژێمی سوریا و ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە بەیەکەوە لە سەر مێزی دانوستان دادەنیشن، رۆژی ٢٢ی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٤ دەبەسترێ.
بان کی مۆن لە بەشێکی دیکەی بڵاوکراوەکەیدا سوپاسی ئاراستەی ئەمریکا، روسیا، کۆمکاری عەرەبی، وڵاتانی ئەندامی نەتەوەیەکگرتووەکان و نوێنەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان و کۆمکاری عەرەبی بۆ کاروباری سوریا ئەخزەر ئیبراھیمی کردووە بۆ دەستپێکردنی ئامادەکاری بەستنی کۆنفڕانسی جنێڤ دوو.
مۆن ھەروەھا رایگەیاندووە کە بە ھیوای زۆرەوە بەرەو کۆنفڕانسی جنێڤ دوو ھەنگاو دەنێن.