کەرکووک
کۆمپانیای گۆران نێت و بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی بە ھاوبەشی ھاوکاریان پێشکەشی پێشمەرگەکانی بەرەی پێشەوەی باشووری کەرکووک کرد. بەم پێیەش ١٠ کارەڤان، چەندین سپلیت، ٢٠ جانتای فریاگوزاری سەرەتایی وەک ھاوکاری پێشکەش کران. ھاوکارییەکان رادەستی فەرماندەی یەکی ھێزەکانی پاراستنی سلێمانی لە ناوچەی مەلا عەبدوڵڵا بەمەودای ٢٥ کیلۆمەتری شاری کەرکووک کرا.
گوتەبێژی کۆمپانیای گۆران نێت بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەو ھاوکاریانەی پێشکەش بە پێشمەرگە کراون، تەنھا ھاوکاری ئاسایی و پێداویستییەکانی رۆژانەیە، ئەم ھاوکارییە لە ١٠ کارەڤان و چەند سپلیتێک و ٢٠ جانتای پێداویستی فریاگوزاری سەرەتایی پێک دێت. ھێزەکانی پێشمەرگە ئەرکی نیشتمانی خۆیان لە ناوچەکە جێبەجێ دەکەن ئێمەش لەم رێگەیەوە ویستمان ھاوکاری خۆمان پێشکەش بکەین، دیارە ھاوکارییەکانمان بەردەودام دەبێت".
ھەڤاڵ یاسین بەناوی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو لێدوانی دا و گوتی: "پێشمەرگە تاکە خاوەن و پارێزگاریکەری ناوچەکەیە، ئێمە وەک بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی و کۆمپانیای گۆران نێت کەمپینی یارمەتیمان بۆ ئەو قارەمانانە دەست پێ کرد".
بەرپرسی راگەیاندنی فەرماندەی یەکی ھێزەکانی پاراستنی سلێمانی ھێزەکانی پێشمەرگە، عەقید عەبدوڵڵا محەمەد بە ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە وەک ھێزەکانی پێشمەرگە سوپاسی ھەردوولایەن دەکەین بۆ ھاوکارییەکانیان، ھاوکات ھێزەکانی پێشمەرگە پێویستیان بەم یارمەتیانە ھەبوو بەتایبەتی کارڤانەکان کە بۆ وەرزی زستان و ھاوین زۆر بەسوودە".