Sinan Uslu,Muhammet Ali Kemal,Rewa Mahmut Hasan
14 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 14 تشرینی دووەم 2017
ئەنقەرە- AA
جێگری سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی و سەرۆکوەزیرانی تورکیا، بیناڵی یڵدرم سەبارەت بە کۆبوونەوەی لەگەڵ جێگری سەرۆکی ئەمریکا، مایک پێنس رایگەیاند ''جارێکی دیکە بە گرنگییەوە باسمان لەوەکرد کە بابەتی دادگاییکردنی ئەوانەی کە بەرپرسن لە هەوڵی کودەتای ١٥ی تەمووز بۆ ئێمە بایەخێکی ئێجگار زۆری هەیە. دووبارە پێداگرییمان کرد لە چاوەڕوانیی خۆمان سەبارەت بە هاوێشتنی هەنگاوی بەرجەستە لەوبارەیەوە''.
بینالی یڵدرم لە گوتارێکدا کە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارتەکەی لە پەرلەمان پێشکەشی کرد، داوای لێخۆشبوونی بۆ ئەو کەسانە کرد کە لە ئەنجامی بوومەلەرزەکەی سەر سنووری نێوان ئێران و عێراق رووی دا و هیوای چاکبوونەوەی بۆ بریندارەکان خواست.
جێگری سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی و سەرۆکوەزیرانی تورکیا جەختی لەوەکردەوە کە هەر لە ساتی روودانی کارەساتە سروشتییەکەوە، دامەزراوە پەیوەندیدارەکان و لە سەرووی هەمووشیانەوە هەریەک لە مانگی سوور، ئافاد و تیمی رزگاریی پزیشکیی نیشتمانیی بە خێرایی بۆ ناوچەکە گوازراونەتەوە و رایگەیاند: ''دەمەوێت بە شانازییەوە ئەوە بڵێم یەکەم تیم کە گەیشتە قوربانییانی بوومەلەرزەکە، تیمەکانی ئێمە بوون''.
بیناڵی یڵدرم باسی لەوەکرد کە هەریەک لە تیمەکانی گەڕان و رزگارکردن، بەهاناوەچوونی پزیشکیی فریاگوزاریی، هاوکاریی مرۆیی و پێشکەشکردنی هەموو جۆرە هاوکارییەکی دیکە گەیشتوونەتە ناوچەی بوومەلەرزەکە و رایگەیاند ''بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە زستان نزیک دەبێتەوە و کەشوهەوا سارد دەبێت لە قۆناغی یەکەمدا، سێ هەزار خیوەت، سێ هەزار گەرمکەرەوە، ١٠ هەزار پێخەف بەسەر ئەو کەسانەدا دابەشکراون کە بە هۆی بوومەلەرزەکەوە بوونەتە قوربانی. مانگی سوور و ئافاد کە بە هەماهەنگی لەگەڵ عێراقدا کاردەکەن ٥٠ بارهەڵگر هاوکاریی مرۆیی، ئەو ئۆتۆمبیلانەی لە کارەساتە سروشتییەکاندا بەکاردەهێنرێن، کارمەندانی شارەزا، تا ئێستاش بەردەوامن لە کارەکانیان لە ناوچەکە. وەک تورکیا نەک هەر لە وڵاتە دراوسێکانمان بەڵکو لە هەر جێگایەکی دیکەی جیهان کارەساتێکی سروشتیی رووبدات، ئێمە لەوێ دەبین. لەو رێگەیەشەوە جارێکی دیکە هاوبەشی ئازارەکانی گەلانی دۆست وبرامان لە عێراق و ئێرانین و سەرەخۆشییان ئاراستە دەکەین''.
جێگری سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی و سەرۆکوەزیرانی تورکیا، بیناڵی یڵدرم ئاماژەی بەوەکرد کە رۆژی نۆی تشرینی دووەم لەگەڵ جێگری سەرۆکی ئەمریکا، مایک پێنس کۆبووەتەوە و لە کۆبوونەوەکەدا بە تایبەت تاوتوێی ئەو بابەتانەیان کردووە کە تورکیا هەستیاریی هەیە لەبارەیەوە و گوتی: "هەلی ئەوەمان بۆ هەڵکەوت کە چاوەڕوانییەکانمان لەبارەی ناوچەکە و پرسی هاریکاری ئەمریکا و پەیەدە/یەپەگە بە روون و راشکاوی بگەیەنینە جێگری سەرۆک و وەفدەکەیان. هاوکات دەستگیرکردنی سەردەستەی فەتۆ و رادەستکردنەوەی بە وڵاتەکەمان یەکێکی تربوو لە داواکارییەکانمان".
بیناڵی یڵدرم ئاماژەی بەوەدا لە کۆبوونەوەکەدا، جارێکی تر هاریکاریەکان لەگەڵ رێکخراوی تیرۆریستی یەپەگە خراونەتە بەرچاو و گوتی: "بەداخەوە لقی سووریای پەکەکە بە ناوی یەپەگە و پەیەدەوە لەژێر ناوی بەرەنگاربوونەوەی داعش، لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چالاکی ئەنجام دەدەن، ئێمە جەختمان کردەوە لەوەی کە ئەم هاریکاریە، زیانێک دەگەیەنێت بە پەیوەندیەکانمان کە هەرگیز چاکبوونەوەی نەبێت".