تاران
شاندی دانوستانکاری ئێران بە سەرۆکایەتیی محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە ئەمڕۆ دووشەممە ٢٥ی تشرینی دووەم گەڕانەوە تاران و لە فڕۆکەخانەی میھراباد لە لایەن ژمارەیەکی زۆر خەڵکی ئێرانەوە پێشوازییان لێکرا.
ئەو خەڵکەی بۆ پێشوازییکردن لە فڕۆکەخانە بوون، بە بەرزکردنەوەی وێنەی سەرکۆماری ئێران و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە درۆشمی جیاجیایان گوتەوە: "بەخێربێیتەوە کۆتری ئاشتی" تا ھەشت ساڵی دیکە زۆر سوپاس زەریف" "ھاوڕێ ماندوونەناسی شۆڕش و نیزام خوا پشت و پەنات بێ."
لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی رەسمیی ئێران، محەمەد جەواد زەریف گوتی: "رێککەوتنی سەرەتایی ئیمزا کرا و ھەردوو لا بۆ گەیشتن بەو رێککەوتنە ھەنگاوی زۆر گرنگیان ناوە. کۆماری ئیسلامی ئێران لە سبەینێوە ئامادەیە بۆ رێککەوتنی یەکجارەکی لەگەڵ ھێزە جیھانییەکاندا."
زەریف ھەروەھا گوتی: "بۆ جیھان روون بوویەوە کە تەنیا بە زمانی خۆش و رێزگرتن دەتوانن لەگەڵ خەڵکی ئێراندا گفتوگۆ بکەن، بەداخەوە وڵاتانی رۆژئاوایی ھەمووی رێگا ھەڵەکانیان تاقیکردەوە و بەرەژوەندییەکانیان وا بە پێویست دەزانێ کە ئەمڕۆ لەگەڵ ئێراندا دابنیشن و رێککەوتن ئیمزا بکەن، ئەو وڵاتانە بۆ بەرەژوەندیی خۆیان پێویستییان بە متمانەی خەڵکی ئێرانە."
زەریفی جەختی لەوە کردەوە گەورەترین دەستکەوتیان ئەوەیە ئێران پیتاندنی یۆرانیۆمی بە رەسمی ناساند، ئەو رێککەوتنە تەنیا ھەنگاوێکی سەرەتاییە، بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بە شەفافییەتەوە بەڕێوە دەچێ. دەستکەوتێکی گرنگی ئەو رێککەوتنە ئەوەیە کە جیھان ھەستی بەوەکرد کۆماری ئیسلامی ئێران بە دوای بەدەستھێنانی چەکی ئەتۆمیی نییە.