شرناخ
ھێزێكی پێشمەرگەی كوردستان بە چەكی قورس بەرەو كۆبانێ بەڕێكەوتن، لە رێی خاڵی سنووری خابور گەیشتنە وڵاتی توركیا. دوای مامەڵەی یاسایی لە دەروازەی خابووری توركیا ھێزی پێشمەرگەی كوردستان بەرەو شارۆچكەی سوروچ بەڕێكەوتن. ژمارەیەك لە ھاووڵاتییانی شرناخ بە جۆشوخرۆش پێشوازیان لە ھێزی پێشمەرگە كرد.
ھێزەكە پێك ھاتبوو لە 38 ئۆتۆمبێلی سەربازی كە ئۆتۆمبێلێكیان ئامبوڵانس بوو. نەخشەی چوونی ھێزەكانی پێشمەرگە سەرەتا لە سیلۆپی بەرەو جزیرێ، لەوێشەوە بۆ نوسایبین، قزڵتەپە، ویرانشار لەوێشەوە بۆ شارۆچكەی سوروچی سەر بە پارێزگای ئورفا. دوای ئەوەی پێشبینی دەكرێت لە دەروازەی مورشیدپنارەوە بەرەو كۆبانێ بەڕێكەون.
ئۆتۆمبیلەكانی ھێزی پێشمەرگە چەندین چەكی قورسی وەكو دۆشكەو و كاتیوشا و ھاوەنی ھەڵگرتبوو.