ھەولێر
وەزیری کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی ھەرێمی کوردستان لە حکومەتی عێراق رەخنەی گرت کە ناخوازێ ببێتە ئەندامی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی.
کۆنفرانسەکە لەلایەن رێکخراوی کوردستان بێ جینۆساید، بە بەشداریی رێکخراوەکانی رەنگەکان بۆ ئازادی، ئەتاج بۆ مافە ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکان، بەپشتیوانی فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکان ساز کرابوو.
رێکخەری کۆنفرانس عەلی مەحمود بۆ AAی گوتی: "ئامانج لەم کۆنفرانسە ئەوەیە بتوانین رایەڵێک دروستبکەین دژ بە تاوانەکانی جەنگ و بەھەمووان ھەوڵدەین تا حکومەتی ناوەند ناچار بکەین، ببێتە ئەندام لەدادگای تاوانی نێودەوڵەتی."
رۆژی ١٧/٧/١٩٩٨ لە کۆبوونەوەی رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا ١٣٩ وڵات پاڵپشتیان لە دامەزراندنی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی دەربڕی، تا ئێستاش ١٢٢ وڵات ئەندامن لەو دادگایەدا.
ھەر وڵاتێک ببێتە ئەندامی ئەو دادگایە، دەبێ ئامادەبێ تۆمەتباران رادەستی دادگا بکات و ئەو جینۆسایدو رووداوانەی لەوڵاتەکەیدا روویانداوە پێویستە لێکۆڵینەوەی لەسەر بکات و قەرەبووی زیان لێکەوتووان بکاتەوە.
ئارام ئەحمەد وەزیری کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی ھەرێمی کوردستان یەکێ لەبەشداربووانی کۆنفرانس و گوتارێکی پێشکەش کرد تێیدا گوتی: "حکومەتەکانی رابردووی عێراق تاوانی جینۆساید و جەنگ و دژ بەمرۆڤایەتیان ئەنجامداوە، بۆیە ھەوڵدەدەین عێراق ببێتە ئەندام لە پەیماننامەی رۆما، حکومەتی ھەرێم پاڵپشتی لەھەر ھەوڵێک دەکات بۆ ئەوەی عێراق ببێتە ئەندام لە پەیماننامەکە."
وەزیری کاروباری شەھیدانی ھەرێمی کوردستان جەختیکردەوە ئەندامبوونی عێراق لەو دادگایە، پرسێکی سیاسییە پێویستی بەھۆشیاریی ھەمووان ھەیەو دەبێ پێکەوە عێراق ھان بدرێ بۆ ئەندامبوون. ھەروەھا بۆ ترساندنی تاوانباران کە ئێستا لە ناوچەکە دەستیان واڵا بووە.
ئارام ئەحمەد، رەخنەی گرت لە حکومەتی عێراق کە نەیویستووە ببێتە ئەندام لەودادگایە ھەرێشتر راستەوخۆ ئەو داوایەیان لێکردوون.