ھەولێر
ئەمڕۆ بە بەشداری بەرپرسانی حکوومی و پارێزگاری ھەولێر چوارەمین پێشانگەی تایبەت بۆ نەوت و غاز بە بەشداری ٦٠ کۆمپانیا لە ١٢ وڵات بۆ ماوەی چوار رۆژ کرایەوە.
لەو پێشانگایە کەلوپەلی تایبەت بە نەوت و غاز نمایش کران و چەند کۆمپانیایەکی کوردستانیش بۆ خزمەتگوزارییەکانی نەوت و غاز لەگەڵ کۆمپانیاکانی بیانی بەشداریان لەو پێشانگەیە کردووە.
پارێزگای ھەولێر نەوزاد ھادی لەکاتی کردنەوەی پێشانگاکە بۆ رۆژنامەنووسان دوا و گوتی: "کردنەوەی ئەم پێشانگەیە تایبەت بە نەوت و غاز لەم کاتەدا مانای خۆی ھەیە کە سیاسەتی ھەرێمی کوردستان لە بواری نەوت و غاز سەرکەوتوو بووە کە ئێستا گەورەترین کۆمپانیاکانی جیھان لە ھەرێم لە چۆنیەتی کارەکانیان پێشبڕکێ دەکەن. ئەویش لە کاتێکدایە کە ھەرێمی کوردستان لە قەیرانی دارایی و کێشەی سەربازیدایە و خوشبەختانە بە پاڵپشتی پێشمەرگە دوژمنانی کوردستان ھەرگیز ناتوانن سەقامگیری ئەو ولاتە تێک بدەن".
بریکاری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان تەھا زەنگەنە بۆ رۆژنامەنووسان گوتی: "کردنەوەی ئەو پێشانگەیە نیشانەی سەرکەتنی سیاسەتی نەوتیمانە و و دەرفەتێکە بۆ دابینکردنی کەرەستە و کەلوپەڵی ئەندازیاری کە کۆمپانیاکان پێویستیان پێیە و دەخوازین ببێتە ھۆی زیاد بوونی بەرهەمی زیاتری نەوتی لە ھەرێم".
ناوبراو ھەروەھا لە کۆتاییدا گوتی: "ئێمە رۆژانە کێڵگەی نوێ دادەنێن و ئێستا بەرھەمھێنانی نەوت لە ھەرێم روو لە زیادکردنە و ھەرێم پابەندە بەو رێککەوتنەی کە لە گەڵ بەغدا کردوویەتی و ھەروەھا سیاسەتی نەوتیمان وایە کە بۆ کۆتایی ساڵ رێژەی ھەناردەکردنی نەوت بگەیەنینە یەک ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا بەڵام بەداخەوە ئێستا ھەرێم کەوتووەتە حاڵەتی ئامادەباشی لە شەڕدا".