لۆکسێمبورگ
وەزیرانی دەرەوەی ئەوروپا وەک ھەڵویستێک لە دژی کودەتا سەربازییەکەی تایلاند، سەرجەم سەردان و گەشتە رەسمییەکانیان وەستاندووە تا ئەو کاتەی حکومەتێکی "ھەڵبژێردراوی دیموکراتی" دێتە سەر دەسەڵات.
وەزیرانی دەرەوەی ئەوروپا لە لۆکسێمبورگ کۆبوونەوە و بڕیاریاندا لەگەڵ وەستاندنی سەردانە ئاسایی و رەسمییەکان بۆ تایلاند، ھیچ رێککەوتنێکی ھاوبەشی کار لەگەڵ ئەو وڵاتە ئیمزا نەکرێ.
هەروەها لە ئێستادا یەکێتی ئەوروپا چاوی بە کارە ساربازییە ھاوبەشەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا خشاندووە.
وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا نیگەرانییان لە رەوشی تایلاند دەربڕیوە و بانگەوازیان بۆ ئاساییکردنەوەی رەوشەکە و گەڕانەوە بۆ دەستوور و بنەما یاساییەکان کردووە.
داواشیان لە بەرپرسانی سەربازی کردووە سەرجەم گیراوە سیاسییەکان ئازادبکەن، ھەروەھا کەسانی سیاسی دەستگیر نەکەن و "سەرجەم دەزگا و بنەما یاساییەکان بەگەڕ بخرێنەوە و مافەکانی مرۆڤ پێشێل نەکرێ."
وەزیرانی دەرەوەی ئەوروپا بڕیاریان دا سەرجەم پەیوەندییە ھاوبەشەکان لە ژێر ھەڵسەنگاندن بهێڵنەوە، ھەروەھا ئەگەری لە ئارادابوونی گەمارۆی دیکەیان ئاشکرا کرد.