عەدەن
بەھۆی تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراو لە کەنار شەقامێک لە شاری دالی لە یەمەن ٢٠ چەکداری سەر بە بزووتنەوەی حوسییەکان کوژران.
بەپێی زانیاری سەرچاوە ناوخۆییەکان، بۆمبێک کەلە لایەن کۆمیتەی شۆڕشگێرانی گەلەوە لەناوچەی سەناحی سەر بە شاری دالی چێندرابوو بە کاروانێکی چەکدارانی حوسییەکاندا تەقییەوە و لە ئاکامدا ٢٠ چەکدار کوژران و ژمارەیەکیان بریندار بوون.
لە ھەفتەی رابردووەوە چەکدارانی حوسییەکان ھەوڵی چوونە ناوەوەی شاری دالی دەدەن و لە لایەن سەربازانی لەشکری ٣٣ی زرێپۆشی سەر بە سەرۆکایەتی کۆماری یەمەنەوە رووبەڕوویان دەبنەوە.
لەشاری عەدەن و چەند ناوچەیەکی باشووری یەمەن پێکدادان لە نێوان لایەنگرانی سەرۆکایەتی کۆماری یەمەن عەبدلڕبۆ مەنسور ھادی و چەکدارانی حوسییەکان کە لایەنگری سەرکۆماری پێشوو عەلی عەبدوڵا ساڵح-ن رووی دا.
لەلایەکی دیکەوە، لە ئاکامی پێکدادان لەنێوان حوسییەکان و لایەنگرانی ھادی لە شاری شەبوە ١٥ چەکدار کۆژران و بریندار بوونی چەند کەسێکی دیکە راگەیەندرا.