یەکگرتووی ئیسلامی ھەڵوەشانەوەی پەرلەمان و ھەڵبژاردنی پێشوەختە بە چارەسەری یاسایی و واقیعی بارودۆخی ھەرێم دەزانێ.
فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەرۆک فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان (سەرۆک، جێگر، سکرتێر) پێشنیازی ھەڵوەشانەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە دەکات.
ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی ئەبو بەکر ھەڵەدنی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵوی گوتی: "ئێمە ئەمڕۆ لەکۆبوونەوەی سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەماندا پێشنیازی ھەڵوەشانەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێش وەختەمان کردووە و بە چارەسەرێکی واقیعی و یاسایی بۆ بارودۆخی ئەمڕۆی کوردستانی دەزانیین."
ھەڵەدنی کە حزبەکەی لە ھەڵبژاردنەکەی ٢١ی ئەیلول لەکۆی ١٠٠ کورسی توانی ١٠ کورسی بەدەست بھێنێ و ببێتە ھێزی چوارەمی پەرلەمان پاش پ.د.ک و گۆڕان و ی.ن.ک ، لەبارەی ئەو پێشنیازەی فراکسیۆنی یەکگرتووەوە گوتی: "ئەو تێزە چارەسەرێکی یاساییە، چونکە بۆشاییەکی یاسایی لە ھەرێمدا ھەیە و پەرلەمانێکمان نییە چالاک بێ، بۆیە لەکاتێکدا کە شەش مانگە پەرلەمان پێکنایەت شەرعییەتی کەوتۆته ژێر پرسیارەوە و ھێزە سیاسییەکان نەگەیشتوونەتە چارەسەرێک بۆ پێکھێنانی کابینەی ھەشتەم، بۆیە ئەو بژاردەیەی ئێمە باشترین چارهسهره."
قسەکانی پەرلەمانتارەکەی یەکگرتوو لەکاتێکدایە نزیکەی ١٩٠ رۆژ دەبێ ھەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ھەرێم ئەنجامدراوە و بەھۆی ناکۆکیی لایەنە براوەکانی ھەڵبژاردنەکەوە بەتایبەت پێنج گەورەترین ھێزە سیاسییەکە کابینەی ھەشتەمی حکومەت پێکنەھاتووە لەکاتێکدا دروستکردنی کابینە نابێ یەک مانگ تێپەڕێنێ لەپاش دیاریکردنی سەرۆکی حکومەت بەفەرمی کە تا ئێستا ئەمەش نەکراوە.