ھەولێر
رۆژی چوار شەممە ٦ی تشرین دووەم، یەکەم دانیشتنی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدرا بەبێ ئەوەی بەشی زۆری ئەرکە یاساییەکانی بەجێ بێنێ.
بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان و یاسای ھەڵبژاردنەکان، دەبێ سەرۆک و جێگر و سکرتێری پەرلەمان لەیەکەم دانیشتنی خولی نوێیدا ھەڵبژێردرێن، بەڵام ئەمە لە دانیشتنی ئەمڕۆدا نەبوو, ھەروەھا
- سوێند خواردنی ئەندامان.
- دیاریکردنی کاتی کۆبوونەوەکانی خولەکە.
- ھەڵبژاردنی سەرۆک و جێگر و سکرتێری پەرلەمان.
گرنگترین ئەرکەکانی ئەمڕۆی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان بوو.
دانیشتنەکە لەلایەن محەمەد ساڵح، بەتەمەنترین پەرلەمانتار سەرپەرشتی کرا.
دوای خوێندنەوەی وقورئان و گوتنەوەی سرودی نەتەوەی "ئەی ڕەقیب" ئەندامانی ھەڵبژێردراوی پەرلەمانی کوردستان سوێندنی یاساییانخوارد.
پەرلەمانتاران بەپێی ئاینەکانیان سوێندیان خواردو لە سەر شوێنی سوێندان قورئان و ئینجیل دانرابوو.
بەھۆی ناکۆکی پەرلەمانتارانی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان لە سەر سرودی نەتەوەی ئەی رەقیب، ئاڵۆزیی ھاتە ئاراوەو دوو پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامی ھەڵنەسانەوە سەرپێ. ئەوەش بووە جێی مشتومڕ لە نێوان بەشێک لە پەرمانتارانی کۆمەڵی ئیسلامی و پارتی دیموکراتی کوردستان.
سۆران عومەر، پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامی بۆ AA گوتی: "سرودی ئەی ڕەقیب بە سرودی نەتەوەیی نازانم، لەبەر ئەوە پێموایە ئەم سرودە بۆ سەردەمی ئێستا گونجاو نییە و ھی سەردەمی شۆڕشگێڕییە. پێویستە سرودێکی نیشتیمانیمان ھەبێ گوزارشت لە ھەموو ئاین و پێکھاتەو نەتەوەیەک بکات لە کوردستان."
لە بەشێکی دیکەی یەکەم دانیشتندا ھەموو لیستەکان دەنگیاندا کە دیاریکردنی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بۆ وادەیەکی تر دوا بخرێ.
جەعفەر ئیبراھیم، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ھەموو لایەنەکان پێشتر رێکەوتووین دیاریکردنی سەرۆکایەتی پەرلەمان دوا بخرێ تائەوکاتەی لایەنەکان دەگەنە ئەنجامێک."
لەلایەکی دیکە پێچەوانەی ئەو پەرلەمانتارەی پارتی، رێواس فایق پەرلەمانتاری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لەگەڵ ئەوە نەبووم دیاریکردنی سەرۆکایەتی پەرلەمان گرێ بدرێ بە پێکھێنانی کابینەی نوێ، چونکە یەکێ لە گرفتەکانمان پەرلەمانی ناکارا بووە، ئەگەر ھەمان شتی رابردوو دوبارە بکەینەوە کارێکی باش نییە."
لە ٢١ی ئەیلولی ئەمساڵ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدرا.
پەرلەمان پێکھاتووە لە ١١١ ئەندام ١١ کورسیان بۆ نەتەوەکانی مەسیحی و ئەرمەن و تورکمانە لە %٣٠ رێژەی کۆی کورسیەکانی پەرلەمانیش بۆ ئافرەتان تەرخانکراوە.
بەپێی یاسای سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان ژمارە ١ی ساڵی ٢٠٠٥ لەماوەی دە رۆژ لەدوای راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردن، فەرمانی بانگھێشتی یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمان دەردەکرێ، ئەگەر بانگھێشتیشی بۆ دەرنەکرا، ئەوا پەرلەمان رۆژی یانزەیەم کۆ دەبێتەوە.
بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان بەتەمەنترین کاندیدی دەرچوو سەرۆکایەتی یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمانی پاش ھەڵبژاردن دەکات.
کۆبوونەوەکە سێ ئەرکی سەرەکی ھەن، سوێندخواردن کە کاندیدەکان دەگوێزێتەوە بۆ پەرلەمانتار، دیاریکردنی کاتی کۆبوونەوەکانی خولەکە، ھەڵبژاردنی سەرۆک و جێگر و سکرتێری پەرلەمان بە دەنگدانی نھێنی.
بەکراوەیی ھێشتنەوەی کۆبوونەوەی یەکەمی پەرلەمان بێجگە لە خستنە دۆخی بۆشایی سیاسیی ھەرێم و پێشێلکاریی یاسا، چەندین یاسا دوادەخات دیارترینیان بودجەی ٢٠١٤یە.