Sangar Hamad Azeez
27 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 28 تشرینی دووەم 2016
یاریزانی فەڕەنسی و باڵەکانی یانەی بایەرن موینخ، فرانک ریبێری بۆندەکەی تا هاوینی ساڵی ٢٠١٨ لەگەڵ یانەکەی نوێ کردەوە.
یانەی بایەرن موینخ-ی ئەڵمانی لە راگەیەنراوێکدا کە لە ماڵپەڕی فەرمی یانەکە بڵاوکراوەتەوە رایگەیاند کە بەڕەزامەندی هەردوولا، یاریزان فرانک ریبێری تا ٣٠ حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٨ گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکە نوێ کردووەتەوە.
لای خۆیەوە سەرۆکی یانەی بایەرن موینخ، کارل هاینز رۆمەنیگە خۆشحاڵی خۆی بە نوێکردنەوەی گرێبەستەکە دەبڕی و رایگەیاند کە ریبێری تەمەن ٣٣ ساڵ یاریزانێکی ئاست بەرز و خۆشەویستە هەر بۆیە ئەو یاریزانەیان رازیکردووە کە ساڵێکی دیکە گرێبەستەکەی درێژ بکاتەوە لەگەڵ یانەکەیان.
ئەو یاریزانە لە دوای نیشاندانی ئاستێکی نایاب لە مۆندیالی ٢٠٠٦دا لە ساڵی ٢٠٠٧دا لە یانەی مارسیلیاوە پەیوەندی بە یانەی بایەرن میونخ کرد.
رێبێری ٣٣٣ یاری لەگەڵ یانە باڤارییەکە ئەنجام داوە و تیایدا ١٠٨ گۆڵی تۆمار کردووە و ١٦٤ ئاسیستیشی بۆ هاوڕێیانی دروست کردووە.