İdris Okuducu
16 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 17 ئاب 2016
دەستبەسەرکردنی پێنج ئەندامی مەکتەبی سیاسی و نۆ ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا لەلایەن پەیەدەوە کە پارتەکەیان ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریایە، ئیدانەکرا.
ئەو پەنابەرە کوردە سوورییانەی لەبەردەم بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریادا کۆببونەوە، فشار و هێرشەکانی ئەم رۆژانەی دوایی پەیەدەیان ئیدانە کرد.
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتەکە، بەناوی کاوە عەزیزی کە لە ناو خۆپیشاندەراندا بوو لە لێدوانێکدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو، رایگەیاند ''رووی چەکیان کردووەتە گەلەکەمان و بەزۆر دەیانەوێت خۆیان بسەپێنن. هیچ کەسێک بە پەیەدەی نەگوتووە وەرن بمانپارێزن. پەیەدە لە ناوچە کوردییەکانی سووریا بە وەکالەت خزمەت بە رژێمی بەشار ئەسەد دەکات''.
عەزیزی باسی لەوەیش كرد کە پەیەدە گۆڕەپانی سیاسی بە رووی ئەو کەسانەدا داخستووە کە لە خۆی نین و گوتی: ''بەفەرمی دەستیان بەسەر هەموو شتێکدا گرتووە. پێکەوە ژیان، لێبوردەیی و یەکتر قبووڵکردن لای پەیەدە بوونی نییە''.
کاوە عەزیزی ئاماژەی بەوە کرد کە پەیەدە بۆ ئەوەی رێگری لە جووڵانەوەی دەستووری ئەنەکەسە بکات پەلاماری هەموو پارتەکانی ئەندامی ئەنجوومەنەکەی داوە و رایگەیاند ''هەوڵی ئەوە دەدات هەموو ئەو هیوایانە لەناوبەرێت کە لەسەر ئاستی دەستووریی کوردەکان هەیانە''.
- ''ئەوەی پەیەدە دەیکات تیرۆرێکی تەواوەتییە''
لای خۆیشییەوە یەکێک لە بەشداربووانی خۆپیشاندانەکە، بەناوی جوان غەنی ئاماژەی بەوەکرد بەمەبەستی ئیدانەکردنی هێرش و فشاری پەیەدە بۆسەر ئەندامانی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا هاتووەتە ئەوێ و گوتی: ''ئەوەی کە پەیەدە بە گەلەکەمانی دەکات، تەنانەت تیرۆریستەکانیش نەیانکردووە. هەموو ئەمانەی ئەنجامدەدرێن تیرۆرێکی تەواوەتییە. پێویستە بە زووترین کات واز لەم دەستبەسەرکردن و رفاندنانە بهێنن''.
یەکێکی دیکە لەبەشداربووان، بەناوی ئیبراهیم عەبدولرەحمان باسی لەوەکرد لەبەر ئەوەی کەمئەندامە بە کورسییەکەیەوە هاتووە بۆ خۆپیشاندانەکە و ئاماژەی بەوەکرد پەیەدە لەچوارچێوەی ئیرادەی گەلی کورددا ناجووڵێتەوە و لەلایەن چەند هێزێکی دیکەوە بەڕێوەدەبرێت.
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، پێنج ئەندامی مەکتەبی سیاسی و نۆ ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا لە شارۆچکەی قامیشلۆی سەربە پارێزگای حەسەکە لەلایەن پەیەدەوە دەستبەسەرکرابوون.
سەرۆکی ئەنەکەسە، ئیبراهیم برۆ رۆژێک بەر لەوە لەلایەن ئەندامانی پەیەدەوە لە قامیشلۆ رفێنرابوو، دواتر لەسەر سنووری نێوان عێراق و سووریا ئازادکرابوو.