Hemin Hüseyin
06 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 07 ئەیلوول 2016
پلانەکە بە هەماهەنگیی لەگەڵ قایمقامییەتی ناوەندی پارێزگای هەولێر و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی شاری هەولێر جێبەجێدەکرێت و لەم پلانەشدا بوارەکانی ئەمنیی و تەندروستی و خزمەتگوزاریی لەبەرچاوگیراوە و بەرپرسانیش دڵنیایی دەدەنە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان.
لە دیوانی پارێزگای هەولێر هەریەک لەقایمقامی ناوەندی پارێزگای هەولێر و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی شارەوانی، تەندروستی، هاتوچۆ، پۆلیس بەرگریی شارستانیی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییان ئەنجامدا و تێیدا پلانەکانی ئەمنیی و خزمەتگوزارییان بۆ رۆژانی جەژن راگەیاند.
قایمقامی ناوەندی پارێزگای هەولێر نەبەز عەبدولحەمید لە دەستپێکی کۆنگرەکەدا گوتی: "لەبەرئەوەی خەڵکێکی زۆر رووی لە هەرێمی کوردستان کردووە بۆیە سەرەتا لەگەڵ چاودێریی بازرگانیی قسەمان کردووە بۆ ئەوەی لە رۆژانی جەژندا چێشتخانەکان کراوە بن، سەرجەم چێشتخانەکان ئاگادارکراونەتەوە کە دەبێت لە رۆژانی جەژندا کاربکەن، ئەوەی پابەندنەبێت رێوشوێنی یاسایی لە دژی دەگیرێتە بەر".
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر لیوا عەبدولخالق تەلعەت لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا سەبارەت بە پلانی ئەمنیی بۆ چوار رۆژی جەژنی قوربان رایگەیاند: "پلانمان داڕشتووە کە ھێزە ئەمنییەکانی پۆلیس و ئاسایش، ھەماھەنگیی بکەن و کاربکەن بۆ ئەوەی ھیچ حاڵەتێکی نەخوازراو لە ھەولێر و دەورووبەری دروستنەبێت، تیمەکانی پۆلیسیش بەردەوام لە ئامادەباشیدان و هاووڵاتییانی شاری هەولێر دڵنیا دەکەینەوە کە سەر و ماڵیان پارێزراوە".
لیوا عەبدولخالق تەلعەت گوتیشی: "بەپێی ئەو ئامارانەی لەبەردەستماندایە لە جەژنی رەمەزانەوە تائێستا نزیکەی 185 هەزار کەس هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و بە دڵنیاییەوە لەم هەفتەیەشدا بەهۆی جەژنی قوربانەوە ژمارەی ئەو خەڵکانە زیاد دەکات کە روو لە هەرێمی کوردستان دەکەن".
دواتر بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی پارێزگای هەولێر دکتۆر سامان بەرزنجی سەبارەت بە پلانی جەژن، گوتی: "بەبۆنەی هاتنی جەژنی قوربانەوە 5 لیژنەمان پێکهێناوە بۆ ئەوەی سەردانی شوێنە گشتییەکان بکەن و ئەمبولانسەکانیش بەسەر 13 تیمدا دابەشبوون، هاووڵاتییان دەتوانن لە رێگای ژمارە 122 پەیوەندیی بکەن بۆ ئەوەی لە کاتی پێویستدا بە زووترین فریایان بکەوێت".
هاوکات بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتوچۆی پارێزگای هەولێر لیوا ھێرش ئەحمەد لە گوتەیەکدا سەبارەت بە پلانی هاتوچۆ لە جەژندا، رایگەیاند "پلانێکی تۆکمەمان بۆ رێکخستی شەقامەکان و جەنجاڵی ھاتوچۆ داڕشتووە کە 2 ھەزار کارمەندمان لە ئەرکدا دەبن و بەسەر 3 شەفتدا دابەشدەبن. ئەوانیش زیاتر لە شوێنە قەرەباڵغ و جەنجاڵەکان دەبن. هەروەها هەریەک لە بەڕیوەبەرایەتیی ناوشار و بەڕێوەبەرایەتیی قەزا و ناحیەکان لە ئامادەباشیدان".
سەرۆکی شارەوانی ھەولێر، سامان محەمەد لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا سەبارەت بە دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان گوتی: "سەرۆکایەتی شارەوانی ھەولێر لە رێگای شارەوانییەکانەوە بەھاوکاری شەش کۆمپانیا کە ئەرکی پاککردنەوەی ناو شاری ھەولێریان لە ئەستۆدایە هەماهەنگ دەبین، جگە لەوەش چەند تیمێکمان داناوە تەنیا بۆ چاودێریکردن و بەدواداچوونی زێدەڕۆیی".
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی پارێزگای هەولێر عەمید سۆران ھەمزە، سەبارەت بە کار و پلانەکانییان بۆ رۆژانی جەژن گوتی: "پلانی ئێمە خزمەتکردنی ھاووڵاتیانە و لە رۆژانی جەژنیش سەرجەم ئەفسەر و کارمەندانمان لە ئامادەباشیدا دەبن. 8 بنکەی ئاگرکوژێنەوە هەیە لە ناو شاری هەولێر و لەگەڵ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکان هەماهەنگیمان کردووە کە هاوکاری یەکتربکەین لە پێناو پاراستنی ماڵی هاووڵاتییان لە هەر حاڵەتێکی نەخوارراودا".