Hemn Baban
17 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 18 کانوونی یەکەم 2017
هه‌ولێر - AA
پێشانگایه‌ك بۆ كه‌لوپه‌لی فۆلكلۆری و پێشانگایه‌ك بۆ خواردنی ره‌سه‌ن له دوای رێوڕه‌سمه‌كه كرایه‌وه.
ماڵی توركمانی سه‌ر به به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی رۆشنبیری توركمانیی له شاری هه‌ولێر رۆژی ئاڵا له هەرێمی كوردستانی به‌رز راگرت و گردبوونه‌وه‌یه‌كی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته رێكخست و به ئاماده‌بوونی نوێنه‌رانی پێكهاته جیاوازه‌كانی هه‌رێم چه‌ندین پارچه میوزیك و گۆرانی به زمانه‌كانی كوردی، عه‌ره‌بی، توركمانی گوتران و دواتریش پێشانگه‌یه‌ك بۆ خواردنی فۆلكلۆریی كرایه‌وه.
له‌و ئاهه‌نگه‌دا كه جگه له ئاڵای كوردستان، ئاڵای عێراق و ئاڵای توركمانی و سریانهكانیش هه‌ڵدرابوون و ده‌شه‌كانه‌وه، هاوكات جگه له كورد و ئه‌وانه‌ی جلوبەرگی كوردی‌یان پۆشی بوو، توركمانه‌كان به جلوبەرگی ره‌سه‌نی خۆیانه‌وه و سریانیش به جلوبەرگی ره‌سه‌نی خۆیان و ته‌نانه‌ت عه‌ره‌بیش هه‌بوون به‌شداریی ئه‌م رێوڕه‌سمه‌یان كردبوو.
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی رۆشنبیریی توركمانی له وه‌زاره‌تی رۆشنبیریی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، گه‌یلان ئاڵتی به‌رماخ له لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمه له هه‌رێمی كوردستان وه‌كو پێكهاته‌ی توركمانی هاوشانی براكورده‌كانمان و برایانی پێكهاته‌كانی دیكه‌ش ئاشتییانه و به بێ كێشه ده‌ژیین، بۆیه ئه‌مڕۆ به پێویستمان زانی رۆژی ئاڵا له كوردستان پیرۆز بكه‌ین به ئه‌نجامدانی ئه‌م رێوڕه‌سمه كه تیایدا سه‌رباری ئه‌وه‌ی هه‌ریه‌ك به جلوبه‌رگی ره‌سه‌نی خۆیه‌وه به‌شدارییمان كردووه، به‌ڵام لێره دڵخۆشیین كه به بێ هیچ كێشه‌یه‌ك له‌ژێر ئاڵاكانی خۆماندا ده‌ژیین و ئاڵای كوردستان كه زۆر شه‌هید و قوربانییمان بۆ داوه".
هه‌روه‌ها گوتیشی: "هه‌روه‌ها له دوای چه‌ند گوتارێك و گۆرانییه‌ك به زمانه جیاجیاكان، ئه‌مڕۆ به ئاماده‌بوونی چه‌ندین به‌رپرسی حزبی و حكومی پێشانگایه‌كی كه‌لوپه‌لی فۆلكلۆری و هه‌روه‌ها پێشانگایه‌ك بۆ خواردنی فۆلكلۆریش كرایه‌وه و ئه‌وه‌ش بووه مایه‌ی دڵخۆشی بۆ هه‌مووان".
ئاڵای كوردستان له ساڵی 1946 له كۆماری كوردستان له مه‌هاباد هه‌ڵدرا و دوای راپه‌ڕینی ساڵی 1991ی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان، په‌رله‌مانی كوردستان له رۆژی 11ی تشرینی دووه‌م یاسای ژماره 14ی ساڵی 1999ی په‌سه‌ندكرد و رۆژی 17ی كانوونی یه‌كه‌می هه‌موو ساڵێك به رۆژی ئاڵا دیاریی كرا.