Rewa Mahmood Hasan
24 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 24 کانوونی یەکەم 2019
سلێمانى - AA
کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەژێر ناوی کۆبوونەوەی نوێبوونەوە لە رۆژانى رابردوودا کارەکانی خۆی بەڕێکرد و تیایدا بەزۆرینەی دەنگ پەیڕەوی ناوخۆی پارتەکە پەسند کراوە و دەنگ لەسەر ئەندامانی دراوە.
شەوی رابردوو گوتەبێژی گۆنگرەی چوارەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان مەلا یاسین لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند کە ئەمڕۆ سێشەممە ئەنجامی کۆنگرە رادەگەیەندرێت.
جێی ئاماژەیە ئەندامانی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سێیەم رۆژی کۆنگرەکەیاندا، دەنگیان لەسەر دیاریکردنی ١١٨ کەس لە ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی گشتی حزبەکەیان دا و تا ئێستا ئەنجامەکان رانەگەیەندراون.
بەپێی پێکھاتەی نوێی رێکخراوەیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەنجوومەنێکی گشتی کە لە ١٢١ کەس پێکھاتووە، ئەرکی رابەرایەتی یەکێتی دەگرێتە ئەستۆ، هەروەها لە یەکەم رۆژی کۆنگرەدا، سێ کەسیان ھەڵبژێردران.
بەرھەم ساڵح، قوباد تاڵەبانی و رێواز فایق ھەڵبژێردراوانی یەکەمی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی گشتی بوون کە متمانەی کۆنگرەیان بەدەست ھێنا.
١٢١ کەسەکە نوێنەری سەرجەم ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان، ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم و دەرەوەی وڵاتیش دەگرێتەوە.
ئەنجوومەنی سەرکردایەتی گشتی لە ٣٢ ئەندامی بازنەی سلێمانی، نۆی راپەڕین، پێنجی دیالە، ٢٤ی ھەولێر (کە چواریان کۆیە و پێنجیان سۆرانە)، ھەروەھا ٢٩ ئەندامی کەرکووک، ١٠ی نەینەوا و یەک ئەندامی بەغدا و چوار نوێنەری دەرەوەی عێراق دیاری دەکرێت.