Heman Hussein Yaseen
24 تشرینی یەکەم 2025•نوێکردنەوە: 24 تشرینی یەکەم 2025
هەولێر - AA
باڵیۆزی تورکیا لە عێراق بۆرا ئینان بە یاوەری کۆنسوڵی گشتی تورکیا لە هەرێم ئەرمان تۆپجو سەردانی ئۆفیسی هەولێری بەرەی تورکمانیی کرد و لەلایەن سەرۆکی بەرەی تورکمانی محەمەد سەمعان و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی ئایدن مەعروف پێشوازی لێکرا.
لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان، باڵیۆزی تورکیا لە عێڕاق تیشکی خستەسەر سەردانەکە و ئاماژەی بەوەکرد کە سەردانی بارەگاکانی بەرەی تورکمانییان لە شارەکانی دیکەش کردووە و ھیوای سەرکەوتنی بۆ بەربژێرەکانییان خواست و لەمبارەیەوە گوتی: "لە ھەولێرەوە سڵاوی خۆشەویستی خۆم ئاراستەی تەواوی تورکمان ئیلی و، خەڵکی ناوچەکە و تەواوی خەڵکی عێراق دەکەم. ئێمە لە ٢٠ی تشرینی یەکەمەوە سەردان و پەیوەندییە فەرمییەکانمان لە ناوچەی تورکمان ئیلی عێراق و ھەرێمی کوردستان دەستپێکردووە".
ئینان گوتیشی: "سەرەتا سەردانەکەمان بە یادکردنەوەی شەهیدانمان لە کەرکووک و ئاڵتوون کۆپری دەستپێکرد. لە کەرکووک سەردانی بەرەی تورکمانی عێراقمان کرد. بێگومان هەڵبژاردن نزیک دەبێتەوە. ئێمە وەک چۆن بۆ هەموو دۆستە عێراقییەکانمان هیوای سەرکەوتن دەخوازین، بۆ تورکمانەکان و نەتەوەکەمان و بەرەی تورکمانی عێراقیش هەمان هیوای سەرکەوتنمان خواست. دوای ئەوە لە ٢١ی تشرینی یەکەم لە هەولێر دیداری فەڕمیمان ئەنجامدا کە تیایدا دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و هەڵسەنگاندنەکانی پێش هەڵبژاردن و پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکەمان بە شێوەیەکی گشتگیر تاوتوێ کرد. دوای ئەوە دوێنێ لە ٢٢ی تشرینی یەکەم سەردانی تەلەعفەرمان کرد. لە تەلەعفەر هەم سەردانی قایمقامی تەلەعفەر کاک خەلیل-مان کرد کە برای بەڕێزمان و تورکمانە، هەروەها سەردانی قەڵای تەلەعفەرمان کرد و کارەکانی نۆژەنکردنەوەمان لەوێ بەسەرکردەوە. دوای ئەوە لە مووسڵ سەردانی بەرەی تورکمانی عێراقمان کرد. هەمان شتیشمان لە مووسڵ کرد و سەردانی بەرەی تورکمانی عێراقمان کرد. لەوێش هیوای سەرکەوتنمان بۆ کاندیدەکانمان خواست".
دواتر سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێڕاقی محەمەد سەمعان ئاماژەی بە سەردانەکەی باڵیۆز کرد و گوتی: "نزیکەی چوار ڕۆژە بەڕێز باڵیۆزی کۆماری تورکیا لە بەغدا، بەڕێز ئانڵ بۆرا ئینان و شاندی یاوەری دەستیان بە گەشتێک کردووە بۆ ناوچەکانی تورکمائیلی. ئێمەش لەگەڵیاندا بووین. سەرەتا سەردانی ئاڵتوون کۆپریمان کرد، پاشان کەرکووک، دواتر تەلەعفەر و ئەمڕۆش سەردانەکەمان لە شاری هەولێری جوان کە بەرەی تورکمانی عێراقی لێ دامەزراوە کۆتایی پێدەهێنین".
محەمەد سەمعان گوتیشی: "لە ساتەوەختی ئەم هەڵبژاردنەدا دەمەوێت بە ناوی لیستی بەرەی یەکگرتووی تورکمانەکانی عێراق و بەرەی تورکمانی عێراق و هەموو تورکمانەکان، سوپاسی باڵیۆزی کۆماری تورکیا لە بەغدا، بەڕێز ئانڵ بۆرا ئینان و شاندی یاوەری بکەم کە ئێمەیان تەنیا جێنەهێشت. ئەم سەردانانە زۆر گرنگن و دەمەوێت ئەوە بڵێم کە ئێمە وەک بەرەی تورکمانی عێراق دەمانەوێت تورکمانەکان وەک سێهەم پێکهاتەی سەرەکی لە عێراقدا، دیموکراسی لە چوارچێوەی یاسادا ببینن و هەڵبژاردنەکان بە ئاشتیی و برایەتیی بەڕێوەبچن. ئێمە خوازیارین هەڵبژاردنێکی بێگەرد و بێ ساختە ئەنجام بدرێت. وەک تورکمان هیوادارین بە بەشدارییەکی بەرفراوان زۆرترین کورسی لەم هەڵبژاردنەدا بەدەستبهێنین و نوێنەرانی بەهێزمان لە بەغدا هەبێت".