Heman Hussein Yaseen
16 تەمووز 2025•نوێکردنەوە: 16 تەمووز 2025
هەولێر - AA
دژە تیرۆری هەرێمی کوردستان-عێراق، ڕایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێ دڕۆنی بۆمبڕێژکراو ئاراستەی هەردوو کێڵگەی نەوتی DNOی نەرویجی کراون لە پێشخابوور و تاوکێ لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ.
لە ڕاگەیاندراوەکەی دژە تیرۆردا هاتووە، "بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە لە کاتژمێرەکانی ٠٦:٠٠ و ٠٦:١٥ خوولەک لە ڕێگای دوو دڕۆنی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کراوەتە سەر کێڵگەی نەوتی DNO لە پێشخابوور ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ".
هاوکات ئاماژە بەوەشکراوە کە لە کاتژمێر ٠٧:٠٠لە ڕێگەی دڕۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کرایە سەر کێڵگەی نەوتی DNO لە تاوکێ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و ڕاشیگەیاندووە کە هێرشەکان جگە لە زیانی ماددی کە بە کێڵگەکان کەوتوون، هیچ زیانی گیانییان لێ نەکەوتووەتەوە.
بۆ سێیەم ڕۆژ لەسەر یەک، کێلگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێتە ئامانج و بەو پێیەی ڕۆژی دووشەممە ١٤ی تەمموز، بە دوو دڕۆنی بۆمبڕێژکراو کێڵگەی نەوتی خورمەڵە لە پارێزگای هەولێر هێرشی کرایە سەر.
هاوکات دوێنێ سێشەممەش، هەریەکە لە کێڵگەکانی سەرسەنگ لە دهۆک و کۆرمۆڕ لە چەمچەماڵ، پارێزگای سلێمانی، درۆنێک'یان ئاراستە کرا.