Heman Hussein Yaseen
25 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 25 تشرینی یەکەم 2021
هەولێر - AA
ئەمڕۆ ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر کۆبووەوە و تیایدا دەنگی لەسەر بەقەزابوونی ناحیەکانی عەنکاوە و پیرمام دا.
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر، دەنگ لەسەر بەقەزابوونی ناحیەکانی عەنکاوە و پیرمام درا و بەکۆی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا، بەقەزابوونی ھەردوو ناحیەکە پەسەند کرا.
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە رۆژی چواری تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ لە سەردانێکیدا بۆ ناحیەی عەنکاوە، بڕیاری بەقەزابوونی عەنکاوەی دا و بۆ ئەو مەبەستەیش وەزیری ناوخۆ و پارێزگاری ھەولێری بۆ رێکارە یاساییەکان راسپارد.
ناحیەی عەنکاوە سەربە قایمقامییەتی قەزای ناوەندی ھەولێرە و دانیشتووانی ٤٠ ھەزار کەسە کە سەدا ٩٠یان کریستیانن و سەدا ١٠یان موسڵمانن.
ناحیەی پیرمام کە بە (مەسیف سەڵاحەدیین) ناودەبرێت، یەکێکە لە ناحیەکانی سەربە قەزای شەقڵاوە لە پارێزگای ھەولێر و بەدووری ٢٨ کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری خۆرئاوای شاری ھەولێر و یەکێکە لە گەورەترین ناحیەکانی قەزای شەقڵاوە کە گوندەکانی سنووری ئەم ناحیەیە ژمارەیان ٦٦ گوندە.