Rewa Mahmood Hasan
20 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 21 تەمووز 2020
هەڵەبجە - AA
ئەمڕۆ دووشەممە، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای ھەڵەبجە دوای کۆبوونەوەی لەبارەی کردنەوەی مزگەوتەکان رایگەیاند، لەمەودوا مزگەوتەکان بەپابەندبوون بە رێنماییە تەندروستییەکان، دەکرێنەوە.
بەسەرپەرشتی پارێزگاری ھەڵەبجە، ئازاد تۆفیق و بە ئامادەبوونی جێگری پارێزگاری هەڵەبجە، کاوە عەلی و قایمقامی هەڵەبجە، نوخشە ناسیح و لایەنی تەندروستیی و ئەوقاف کۆبوونەوەیەک سەبارەت بە کردنەوەی مزگەوتەکان بەڕێوەچوو.

دوای کۆبوونەوەکەیش چەند بڕیارێک دەرکرا و مەرج بۆ کردنەوەی مزگەوتەکان دانرا، بەشێوەیەک تەنها بۆ کاتی ئەنجامدانی نوێژەکان و گوتاری ھەینی مزگەوتەکان کراوە دەبن و نوێژخوێنان پابەندی رێنمایە تەندروستییەکان و خۆپارێزی دەبن کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئەوقافەوە دیاری دەکرێت و ھەر مزگەوتێک توانای جێبەجێکردنی رێنماییەکانی نەبوو، بەھۆی قەرەباڵخی و بچووکی مزگەوتەکە داوا لە مامۆستایان و گوتاربێژەکان دەکەن کە ئەو مزگەوتانە لەبەر سەلامەتی نوێژخوێنان بەداخراوی بمێننەوە تاوەکو دڵنیابوون لە توانای جێبەجێکردنی رێنماییەکان.
لە بەشێکی دیکەی بڕیارەکەدا داوا لە مامۆستایانی ئایینی کراوە کە رێنمایی بە بەساڵاچووان و ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە بدرێت کە لە ماڵەوەبن و نەچنە مزگەوتەکان تاوەکو کاتی کۆتایی ھاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
ئاماژە بەوەیش کراوە کە جگە لە شوێنی نوێژکردن، سەرجەم شوێنەکانی دیکە لەناو مزگەوت بە داخراوی دەمێننەوە و نوێژی جەژنیش، پێش جەژن بڕیاری گونجاوی لەوبارەوە دەدرێت و داوایش لە مامۆستایانی ئایینی کراوە کە رۆژانە رێنمایی بە نوێژخوێنان بدەن بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا.