Zana Natık Kerem
17 کانوونی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 17 کانوونی دووەم 2022
ھەولێر ــ AA
ماڵی فەرماندەی لیوای "أنصار المرجعية" سەربە حەشدی شەعبی، حەمید یاسری لە پارێزگای موسەننا باشووری عێراق، لەلایەن چەکدارانی نەناسراوەوە کرایە ئامانج.
ئەفسەرێک لە پۆلیسی پارێزگای موسەننا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە چەکدارانی نەناسراو، تەقەیان لە ماڵی حەمید یاسری کردووە لە قەزای رومەیسە باکووری پارێزگاکە.
باسی لەوەش کرد کە لە میانی ھێرشەکەدا، شەڕ و پێکدادان لەنێوان پاسەوانەکانی حەمید یاسری و چەکدارەکاندا روویداوە، بەڵام زیانی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە و دواتر چەکدارەکان ھەڵاتوون.
حەمید یاسری ھەروەھا بریکاری مەرجەعی باڵای شیعەکان، عەلی سیستانی-ە لە پارێزگای موسەننا.
حەشدی شەعبی لە ژمارەیەک گرووپی چەکداری شیعە بە دەرکردنی فەتوای جیھادی کیفائیی لەلایەن مەرجەعی باڵای شیعەکان، ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی لە حوزەیرانی ٢٠١٤دا، بە ئامانجی رووبەڕووبوونەوەی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش دامەزرا.