Heman Hussein Yaseen
19 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 19 تشرینی دووەم 2020
ھەولێر - AA
ئەمڕۆ پێنجشەممە، تەرمی پارێزگاری ھەولێر، فەرسەت سۆفی لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیاوە گەیشتەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر و لە رێورەسمێکدا بە ئامادەبوونی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، رێواز فایەق و جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی و نوێنەری سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی و ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی حزبی و حکوومی، پێشوازی لە تەرمەکەی کرا.
بەرەبەیانی دوێنێ چوارشەممە، ٤١ـەمین پارێزگاری ھەولێر، فەرسەت سۆفی بەھۆی تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە تەمەنی ٤٢ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
فەرسەت سۆفی دوای تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، بەھۆی خراپی رەوشی تەندروستییەوە رۆژی سێی تشرینی دووەم بەمەبەستی چارەسەر رەوانەی دەرەوە کرابوو.
پارێزگاری ھەولێر فەرسەت سۆفی لەدایکبووی ساڵی ١٩٧٨ی گوندی گەزنە سەربە قەزای چۆمان بوو و دکتۆرای لە یاسای نێودەوڵەتیدا ھەبوو، ئەندامی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان و ئەندامی لیژنەی کاتیی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان بووە و لە ١٢ی ئەیلوولی ٢٠١٩ بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر بە پارێزگاری ھەولێر ھەڵبژێردرا و ماوەی ٤٢٩ رۆژ پارێزگاری ھەولێر بوو.
