Sarmand Hameed
29 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 29 تشرینی دووەم 2021
ههولێر-AA
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جوتیار عادل جەختی لەسەر هەرچی زووی کارا کردنەوەی ناوەندی هاوبەشی ئەمنیی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق کردەوە.
جوتیار عادل لەبارەی ئەو پەلامارەی کە شەوی رابردوو چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە سنووری گەرمیان کردیانە سەر هێزەکانی پێشمەرگە، راگەیەندراوێکی بڵاوکرەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "شەوی ٢٧ لەسەر ٢٨ی تشرینی دووهمی ٢٠٢١ لە ناوچەی تەپی تەڵان لە سنووری کوڵەجۆ، بۆمبێکی چێندراوى تیرۆریستانی داعش بە ئۆتۆمبێلێکی ھێزی پێشمەرگەدا تەقییەوە، و بەو هۆیەوە پێنج پێشمەرگە شەهید بوون و چوار دیکەش بریندار بوون".
جوتیار عادل راشیگەیاندووە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەندین جار حکوومەتی فیدراڵی ئاگادار کردووەتەوە لەو بۆشاییە ئەمنییە کە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمدا هەیە کە بەھۆیەوە ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە توانیویەتی ئەو دەرفەتە بقۆزێتەوە و لەو ناوچانە خۆی رێک بخاتەوە و ببێتە ھەڕەشە بۆ سەر دانیشتوانی ناوچەکە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لەسەر هەرچی زووی کارا کردنەوەی سەنتەری هاوبەشی ئەمنیی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەکاتەوە".
گوتەبێژى حکوومەتی هەرێمی کوردستان پرسە و سەرەخۆشى ئاراستەی بنەماڵەی ئەو پێشمەرگانە کردووە کە لەو پەلامارەدا شەهیدبوون و هیواى زوو چاکبوونەوەیشی بۆ پێشمەرگە بریندارەکان خواستووە.