Zana Natık Kerem
15 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 16 ئادار 2021
ھەولێر ــ AA
ژمارەیەک لە لایەنگرانی حەشدی شەعبی دژبە گەڕانەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ شاری کەرکووک، خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و رێگای کەرکووک-ھەولێریان داخست.
میدیاکانی خۆجێیی بڵاویانکردەوە کە ژمارەیەک لە لایەنگرانی حەشدی شەعبی لە بەردەم بارەگای پێشووی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری کەرکووک خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە و داوا دەکەن بارەگەکە رادەستی پارتی دیموکراتی کوردستان نەکرێتەوە.
ئاماژەیان بەوەیشداوە کە لایەنگرانی حەشدی شەعبی لە میانی خۆپیشاندانەکەدا، رێگای نێوان شاری کەرکووک-ھەولێریان داخستووە.
بارەگای پێشووی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان کە دەکەوێتە دەروازەی شاری کەرکووک، لەئێستادا بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراقە.