Heman Hussein Yaseen
10 حوزەیران 2022•نوێکردنەوە: 11 حوزەیران 2022
هەولێر - AA
١٠ی حوزەیران ھەشت ساڵ بەسەر کەوتنی مووسڵ دا تێپەڕ دەبێت، ئەو شارەی تیرۆریستانی داعش لەماوەیەکی کەمدا توانیان دەست بەسەر تەواوی شارەکە دابگرن و لەوێیەوە خەلافەتی دەوڵەتی بەناو ئیسلامیی رابگەیەنن و ببنە ھەڕەشە بۆسەر تەواوی جیھان.
رۆژی شەشی حوزەیرانی ٢٠١٤ ژمارەیەک چەکداری رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە خاکی سووریاوە دزەیان کردە ناو خاکی عێراق و لەماوەی چوار رۆژدا گەیشتنە ناو شاری مووسڵ و لە رۆژی ١٠ی حوزەیران توانییان بەبێ ھیچ رووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازیی، دەست بەسەر تەواوی شارەکە و چەندین چەک و جبەخانەی زەبەلاح دا بگرن و، دواتر لە سەرەتا تەمووزی ھەمان ساڵ، ئەبوبەکر بەغدادی لە گوتاری نوێژی ھەینیی لە مزگەوتی نوریی شاری مووسڵ بەدیار کەوت و رایگەیاند کە شوێنکەوتووانی خەلافەتیان راگەیاندووە و ئەویشیان وەک خەلیفە دیاری کردووە.

دوای پەلامارەکانی داعش بۆسەر ناوچە جیاوازەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان، ژمارەیەک کەمپ دروستکران، بەشێک لەو کەمپانە کە لە سنووری پارێزگای مووسڵن بەڵام لەلایەن ھەرێمی کوردستانەوە ئیدارە دەکرێن بریتیین لە کەمپی چیای شنگال، ماملیان، مام رەشان، شێخان، ئیسیان، حەسەن شام ٢، حەسەن شام ٣ و، کەمپی خازر کە ژمارەی دانیشتووانەکەی بریتییە لە ٤٨ ھەزار و ٦٧١ کەس.
کەمپی حەسەن شام کە دەکەوێتە سنووری پارێزگای مووسڵ و لەلایەن ھەرێمی کوردستانەوە بەڕێوەدەبردرێت، دانیشتووانەکەی ئەو ھاووڵاتییانەن کە لە ئەنجامی ھێرش و پەلامارەکانی داعش بۆسەر ناوچەکانی مووسڵ، گەیارە و تەلەعفەر ئاوارەبوونە، بەشێک لەو ھاووڵاتییانە تا ئێستاش لە ژێر ئەو کەمپانەدا دەژین و بەھۆی نەبوونی سەقامگیری و بونیادنەناوەی خانووەکانییان، ناتوانن بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان.
ئەدیبە جاسم کە لەیەکەم رۆژی پەلامارەکەی داعش، بەرەو سووریا بەڕێکەوتوون و ماوەیەک لە رەقە و عەزاز بووە و دواتر گەڕاونەتەوە بۆ عێراق و ماوەی پێنج ساڵە لە کەمپی حەسەن شام نیشتەجێیە و، ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە بەهۆی ناسەقامگیریی و ئاوەداننەکردنەوەی ناوچەکەیان، نەیتوانیووە بگەڕێتەوە سەر زێدی خۆی.
ئەدیبە جاسم بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت: "ئێمە کاتێک ئاوارەی سوریا بووین لە رەقە و عەزاز ماینەوە، ئەوەی لە یادم مابێت ھەمووی بۆردوومانکردن و ناخۆشییەکانە، بەڵام دوای ماوەیەک گەڕاینەوە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان، سەرەتا بە پێ رێگایەکی زۆرمان بڕی، دواتر بە ئۆتۆمبێل ئێمەیان گواستەوە ناو کەمپی حەسەن شام".
کاتێک تیرۆریستانی داعش پەلاماری مووسڵ و تەلەعفەر دەدەن، هاوژینی ئەدیبە جاسم کە پۆلیسی هاتوچۆ دەبێت، لەلایەن تیرۆریستانەوە دەگیرێت و دوای رزگارکردنی مووسڵیش، هاوژینەکەی ئەدیبە خۆی رادەستی بنکەی هاتوچۆ دەکات و تا ئێستاش هیچ هەواڵێکی نیە، لەمبارەیەوە ئەدیبە جاسم دەڵێت: "لەکاتی پەلاماردانەکە، هاوژینەکەم لەلایەن داعشەوە دەستگیرکرا و بەیعەتی پێیان نەدا، کاتێکیش ناوچەکە ئازادکرا کرا، هاوژینەکەم خۆی رادەستی بنکەی هاتۆچۆ کرد و لەو کاتەوە ئاگاداری هەواڵی نین، نازانین لە ژیاندا ماوە یان نا".
لەبارەی گەڕانەوەشیان بۆ سەر زێدی خۆیان، ئەدیبە جاسم گوتی: "خۆزگە کارێکی وا دەکرا لە رووی ئابووری و ئەمنییەوە دۆخێکی سەقامگیرمان هەبێت بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە، چونکە بەڕاستی دۆخ و گوزەرانی ئێمە زۆر خراپە و لەوێ هیچ شتێکمان نەماوە".
ئاوارەیەکی دیکەی خەڵکی شنگال کە خاوەنی دە منداڵە و هاوژینەکەی بەهۆی نەخۆشییەوە گیانیی لەدەستداوە، ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە لەکاتی پەلامارەکەی تیرۆریستانی داعش، تەنیا توانیوویانە خۆیان دەرباز بکەن و ماوەی هەشت ساڵە ئاوارەی نێو کەمپەکانە و ئێستاش بەهۆی ناسەقامگیری و بوونی چەند هێزێکی نایاسایی لە شنگال، ناتوانێت بگەڕێتەوە سەر ماڵ وحاڵی خۆی.
قەیس مووسا ساڵح لەمبارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت: "کاتێک کە داعش گەیشتە ناوچەکەمان ئێمە بەشێوازێک لە ماڵەکانمان ھاتینەدەرەوە کە تەنھا جلوبەرگ و چەند پێداویستییەکی بچووکمان لەگەڵ خۆمان هێنا، ئێستا من خاوەنی دە سەر خێزانم کە بە هەتیووی و بەبێ دایک بەخێویان دەکەم، لێرە ژیان و گوزەرانمان زۆر سەختە و ماوەی یەک مانگیش دەبێت ئارد لە ماڵەکەم دا نیە".
لەبارەی هۆکاری نەگەڕانەوەی بۆ سەر زێدی خۆی، قەیس مووسا ساڵح دەڵێت: "خزم و کەسوکارەکەم هەندێکیان گەڕاونەتەوە شنگال و ئەوان دۆخی داراییان باشترە لەمن، من باری داراییم خراپە و ناتوانم خانووەکەم نۆژەن بکەمەوە، لەگەڵ ئەوەشدا وەک دەبینن شنگال رووبەڕووی چەندین شەڕ بووەتەوە و هێزی جیاوازی تێدایە، بوونی پەکەکەش لەوێ هۆکارێکە بۆ بوونی ئەم ناسەقامگیرییە بۆیە مانەوەمان لێرە سەلامەتترە".
هاجەر مەحموود کە ماوەی حەوت ساڵە لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان ژیان بەسەردەبات و، لەدوای پەلامارەکەی داعش، چارەنووسی هاوژینەکەی نازانێت، ئەو دەڵێت: "دوای پەلامارەکەی داعش ئێمە لە گۆگجەلی بەڕێکەوتین و رەوانەی ناو کەمپەکانییان کردین، ماوەی حەوت ساڵە لێرە ماوینەتەوە، ماڵ و حاڵمان هەمووی وێران بووە، نە مووچەیەکمان هەیە و نە کارێک، ئەوانەی گەڕاونەتەوە مەڕ و ماڵاتیان ھەیە یان شوێنی مانەوەیان ھەیە، ئێمە ھیچ شتێکمان نیە بۆ گەڕانەوە ھەوڵی زۆرم دا کە کارێک پەیدا بکەم و ئێمەش بگەڕێینەوە، کێ ھەیە پێی خۆش نەبێت بگەڕێتەوە سەر زیدی خۆی، بۆیە ھۆکاری نەگەڕانەوەمان دۆخی دارایی و نا سەقامگیریی مووسڵە".
هاجەر مەحموود دەشڵێت: "ژیانمان لێرە باش نیە، فەردەی ئارد بووەتە ٥٠ هەزار دینار، تەنانەت پارەی چوون و هاتنەوەشمان نیە، حکوومەتی عێراقیش هیچ هاوکارییەکی نەکردووین، تەنها رێکخراوەکان دەبینین جار جارە سەردانی کەمپەکان دەکەن، جگە لە کێشەی خۆراک، نەبوونی کارەباش گرفتێکی دیکەیە بەم وەرزی گەرمایە و، بەڕاستی لەم ژیانە بێزاربووین".
ئەمەل محەمەد عەبدوڵڵا، خەڵکی مووسڵە و لەگەڵ پەلاماردانی تیرۆریستانی داعش، هاتووەتە هەرێمی کوردستان و لەناو کەمپەکان دەژیت، ئەو لە مووسڵەوە تا سنووری هەرێمی کوردستان بە پێ هاتووە و، دەڵێت: "کاتێک داعش پەلاماری مووسڵی دا، ئێمە مووسڵمان بەجێهێشت و بەپێ هەموو رێگاکانمان تێپەڕاند تا گەیشتینە سنووری هەرێمی کوردستان، هەندێک کەلوپەل و پێداویستی سەرەتاییمان هێنابوو، ئێستاش بیری لێ دەکەمەوە وەک خەوێکی ناخۆش وایە، نامەوێت بەبیرم بێتەوە و دەست لەسەر کام برین دابنێم، ئێستاش ژیان لەناو ئەم کەمپە زۆر ناخۆشە بەتایبەت کەم وەرزە کە پلەکانی گەرما بەرزدەبێتەوە و کارەباش نیە".
ئەو خانووەکەی کە پێشتر تیاییدا دەژیا وێران بووە، وەک خۆی دەڵێت چەند جارێک گەڕاونەتەوە مووسڵ بەڵام زەوییەکی وێرانەیە و لەمبارەیەوە دەڵێت: "چەندینجار بە سەردان گەڕاوینەتەوە مووسڵ، ئەو خانووەی کەپێشووتر بە کرێ لەناوی دەژیان، وێران بووە، ئێستاش توانای داراییمان نیە کە نەک خانوو بکڕین تەنانەت بە کرێ لەناو خانووەکیش دابنیشین، هەندێک جار تەنیا بۆ چارەسەری تەندروستی لەگەڵ هاوژینەکەم دەچمە مووسڵ و دەگەڕێمەوە".
لەبارەی یەکەم چرکەساتی پەلاماردانی تیرۆریستانی داعش و رووداوە ناخۆشەکان، ئەمەل محەمەد دەڵێت: "ئەوەی بەبیرم ماوە ئێمە لەنێو ماڵەکەی خۆمان دانیشتبووین، لەپڕ مووشەکێک بەر ماڵەکەمان کەوت و هیچ شتێک نەدەبینرا، لەو باوەڕەدا نەبووم کەسمان لە ژیان مابین، بەڵام سوپاس بۆ خوا کە سەلامەت دەرچووین، تەنیا منداڵەکەم پارچەیەک لە مووشەکەک بەر سەری کەوت و برینداربوو، بە برینداری رزگارمان کرد و دواتر لێرە چارەسەری پێویستی بۆ کرا.
وێرای ئەوەی ماوەی پێنج ساڵ بەسەر کۆنترۆڵکردنەوەی شاری مووسڵ تێپەڕدەبێت، بەڵام ھێشتا ئاسەواری وێرانکاری شەڕ و پێکدادانەکانی دژبە رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە شارەکەدا ماوە و بە تایبەتیش لە ناوچەی مووسڵی کۆن، بەمهۆیەوەش بەشێکی زۆر لە دانیشتووانەکەی بەهۆی ناسەقامگیری و ئاوەداننەکردنەوەی شارەکە، نەیانتوانیووە بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان.