Heman Hussein Yaseen
04 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 05 نیسان 2023
هەولێر - AA
ئەمڕۆ سێشەممە بە ئامادەبوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، دەستبەکاربوونی دوو فیرقەی سەربە وەزارەتی پێشمەرگە راگەیەندرا.
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی فیرقەی یەک و دووی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان گوتارێکی پێشکەش کرد و تیایدا تیشکی خستەسەر بەشداریکردنی پێکهاتەکان لە هێزی پێشمەرگەدا.
لە رێوڕەسمەکەدا نێچیرڤان بارزانی گوتی: "ساڵی رابردوو لە رێوڕەسمی دەرچوونی ئەفسەرانی کۆلێژی سەربازیی زاخۆدا یەک ئەفسەری مەسیحی ھەبوو، داوام کرد رێگا خۆشبکرێت بۆ بەشداری ھەموو پێکھاتەکانی گەلی کوردستان لە ھێزی پێشمەرگەدا، ئەمڕۆ ژمارەیەک پێشمەرگەی مەسیحی، عەرەب و ئێزدی لەنێو ئەم ھێزانەدا ھەیە، ئەوە مایەی خۆشحاڵییە، بەڵام ھێشتا رێژەکەی کەمە".
نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: "راگەیاندنی ئەو دوو فیرقەیە بەشێکە لە پڕۆسەی یەکخستن و رێکخستنەوەی پێشمەرگە لە ھەیکەلێکی سەردەمیانەدا و یەکێکە لە ئامانجەکانی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان و بەشێکی ھەرە گرنگە لە پڕۆسەی چاکسازی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئێمە لە سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان بەردەوامین لە ھەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییە سیاسییەکان. جێگەی دڵخۆشییە کە وێڕای ناکۆکیی سیاسی، پڕۆسەی یەکخستن و رێکخستنەوەی پێشمەرگە، نەوەستاوە. ھەندێک ھەنگاوی باش چووەتە پێشەوە، بەڵام بێگومان چاوەڕێی زیاترین و بەردەوام دەبێ کاری لەسەر بکەین".
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بە ھەردوو ھێزی پشتیوانی یەک و دوو، ٢٠ لیوای یەکەکانی ٧٠ و ٨٠ ی کرد کە بەتەواوەتی خراونەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و گوتی: "تا ئێستا ھەردوو ھێزی پشتیوانی یەک و پشتیوانی دوو، ھەروەھا ٢٠ لیوای ھەردوو یەکەی ٧٠ و ٨٠ بەتەواوەتی خراونەتەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە. دوو لیوای ھاوبەش لەگەڵ سوپای عێراق دروستکراون بۆ ناوچە کێشەلەسەرەکان و بوودجەی پێویستییان لە پڕۆژەیاسای بوودجەی فیدراڵیی عێراقدا بۆ تەرخانکراوە. دوای پەسەندکردنی، ئەوانیش دەستبەکار دەبن، ئەوەی جێگەی دڵخۆشییەکی زۆرە، ھۆشیارییەکی بەرز لەلای پێشمەرگە و ئەفسەر و فەرماندەکانی پێشمەرگە دروست بووە، بۆ پێویستیی یەکبوونی پێشمەرگە. ئەوان نایانەوێت پڕۆسەی یەکخستن و رێکخستنەوەی پێشمەرگە بوەستێت، چونکە نایانەوێت ھیچ ناوێکی سیاسی و حزبایەتییان لەسەر بێت. دەیانەوێت پێشمەرگەی کوردستان بن، نەک پێشمەرگەی حزب، ئەمەش باوەڕی رەسەن و راستەقینەی پێشمەرگەیە".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمەکەدا، ئاماژەی بە سوودی هێزەکانی پێشمەرگە لە رابردوودا کرد و گوتی: "یەکخستن و پێشکەوتنی پێشمەرگە سوودێکی زۆری ھەیە بۆ عێراق بەگشتی. لە پڕۆسەی ئازادیی عێراقدا، ئەمە بەتەواوی دەرکەوت، ھەروەھا لە کاتی شەڕی داعشیشدا، جارێکی دیکە ئەو راستییە دەرکەوتەوە، بەتایبەتی کە پێشمەرگە پارێزگای کەرکووک و بەشێکی زۆری پارێزگای دیالە و سەلاحەدینی لە ھێرش و وێرانکاریی داعش پاراست، ھەروەھا ھاوبەش و ھاوکاری سەرەکی بوو لە رزگارکردنی مووسڵدا".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی لەبارەی پشتیوانی ئەمریکا و ھێزی ھاوپەیمانان لە ھێزی پێشمەرگەی کوردستان گوتی: "ھەموو گەلی کوردستان و ھاوپەیمانان پشتیوانییەکی زۆر گەورە لە پڕۆسەی یەکخستن و رێکخستنەوەی پێشمەرگە دەکەن، ئەوەش زۆر گرنگە. ساڵی رابردوو یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا بۆ ماوەی چوار ساڵی دیکە نوێ کرایەوە، ھەروەھا پشتیوانیی بەردەوامی ئەمەریکا و ھێزەکانی ھاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە لە رابردوودا زۆر گرنگ بووە لە داھاتووشدا زۆر پێویستە".
نێچیرڤان بارزانی سوپاسی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بە سەرۆکایەتی ئەمریکای لە عێراق کرد و گوتی: "پێتان دەڵێین تیرۆر ھێشتا مەترسییەکی راستەقینەیە لە عێراق، بۆیە پێشمەرگە پێویستی بە پشتیوانی ئێوەیە بۆ لەناوبردنی یەکجارەکی داعش، لەم رێگەیەدا بەیەکەوە دەستمانپێکردووە و دەبێت بەیەکەوە تەواوی بکەین".
نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: "ئەم پشتیوانییە نێودەوڵەتییە زۆر گرنگە بۆ پێشمەرگە و ھەرێمی کوردستان کە بە ئازایەتی و بە قارەمانیەتیی پێشمەرگە بەدەست ھاتووە. پێشمەرگە بە ئازایەتی و بە راگرتنی ھێرشی دڕندانە و بەربڵاوی داعش و تێکشکاندنی ئەفسانەکەی، ئەو پشتیوانییە نێودەوڵەتییەی بەدەستھێناوە، هەروەها پێشمەرگە بە ھاوکاریی ھاوپەیمانان و بەشداریی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی، مەترسیی داعشیان نەھێشت کە گەورەترین ھەڕەشە بوو لەسەر ژیانی ھاوچەرخ و ئازاد لە ناوچەکە و ھەموو جیھاندا. پێشمەرگە بە قارەمانیەتیی خۆی، سەلماندی کە شایانی خۆشەیستیی گەلانی جیھان و شایستەی ھەموو پشتیوانییەکە".