Heman Hussein Yaseen
05 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 05 ئەیلوول 2021
ھەولێر - AA
گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەحمود محەمەد لە روونکردنەوەیەکدا بانگەشەیەکی ناوەندێکی سەربە رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە بەدرۆ دەخاتەوە لە بارەی کوژرانی حەوت چەکداری ئەو رێکخراوە لە دەڤەری خەلیفان و رایگەیاند "مەبەستیان لەناوھێنانی پارتی دیموکراتی کوردستان و بڵاوکردنەوەی بابەتی ناڕاست بۆ شاردنەوەی تاوانەکانیانە و پاساو ھێنانەوەیە بۆ کردەوە نا یاسایی و دەستدرێژیەکانیان بۆسەر ھەرێمی کوردستان".
لە روونکردنەوەکەی گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەحمود محەمەد-دا ھاتووە "ناوەندێکی سەربە پەکەکە بەناوی ھەپەگە لە راگەیەندراوێکدا ئیدیعای ئەوەی کردووە کە حەوت چەکداریان لە دەڤەری خەلیفان بەدەستی پارتی کوژراون".
ئەوەشی خستووەتەڕوو "لێرەدا بەگشت لایەکی رادەگەیەنین کە ئەو ئیدیعایە ھیچ بنەمایەکی نییە و دوورە لە راستی و مەبەستیان لەناوھێنانی پارتی دیموکراتی کوردستان و بڵاوکردنەوەی بابەتی ناڕاست بۆ شاردنەوەی تاوانەکانیانە و پاساو ھێنانەوەیە بۆ کردەوە نا یاسایی و دەستدرێژیەکانیان بۆسەر ھەرێمی کوردستان".
گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەحمود محەمەد راشیگەیاندووە "خەڵکی کوردستان دەپرسن و پێویستە پەکەکە وەڵامیان بداتەوە کە چەکدارانی پەکەکە چی دەکەن لە دەڤەری خەلیفان و ئیشیان چییە و پەیوەندییان بەو دەڤەرەوە چییە؟''.