Heman Hussein Yaseen
10 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 10 تشرینی یەکەم 2021
ههولێر - AA
گوتەبێژی فەرمی تۆڕی ھاوپەیمانییەکانی چاودێریکردنی ھەڵبژاردن، دەشتی سدیق محەمەد رایگهیاند: "لەکۆی دوو ھەزار و ٢٤٠ بنکە، ٣٩٦ وێستگە لەم پڕۆسەیەی ئەمرۆ لە سەرتاسەری عێراق نهێنی بوونی دەنگدانی لێ پێشێلکراوە بەو مانایەی کەسێک لەگەڵ کەسی دەنگدەر چووەتە کابینەی دەنگدان".
تۆڕی ھاوپەیمانییەکانی چاودێریکردنی ھەڵبژاردن، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا داتا و ئامارەکانی تایبەت بە پێشێلکارییەکان لەمیانی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ھەڵبژاردنی پێشوەختی عێراق خستەڕوو.
گوتەبێژی فەرمی تۆڕی ھاوپەیمانییەکانی چاودێریکردنی ھەڵبژاردن، دەشتی سدیق محەمەد لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا گوتی: "ئێمە لە ھاوپەیمانی تۆڕ و رێکخراوەکانی چاودێرانی پڕۆسەی ھەڵبژاردن چەند داتایەک دەخەینەڕوو کە لە کۆی گشتی ھەشت ھەزار و ٢٠٠ وێستگەی دەنگدان لەسەرتاسەری عێراق داتا و زانیارییمان پێگەیشتووە".
دەشتی سدیق محەمەد گوتیشی: "بابەتێک ھەیە کە تایبەتە بە دوورخستەوەی چاودێران لە کۆی دوو ھەزار و ٢٤٠ چاودێر کە پێمان گەیشتووە، ١٣٧ چاودێر بە پێچەوانەی رێنماییە یاساییەکان دوورخراونەتەوە و ئەمە پەیوەندی بە فەرمانبەران و لایەنی دیکە ھەیە لە چوارچێوەی دوو ھەزار و ٢٤ بنکە کە مۆبایلی لێ بەکارھاتووە و ئێمە دەزانین کە ئەوانەی مافی بەکارھێنانی مۆبایلیان ھەیە فەرمانبەران و چاودێرانی کۆمیسیۆنن و تا ئێستا ٢٤٤ حاڵەت ھەبووە کە وێنەیان گرتووە وێنەکانیش لەناو وێستگەی دەنگدان بووە و پێچەوانەی رێکارەکان بووە".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتەبێژی فەرمی تۆڕی ھاوپەیمانییەکانی چاودێریکردنی ھەڵبژاردن، دەشتی سدیق محەمەد ئاماژەی بە رێکارەکانی دەنگدان کرد و گوتی: "کارتی بایۆمەتری و کارتی دەنگدەران ھەیە، بۆ بایۆمەتری پێویستە ناسنامەیەکی فەرمیی وەربگیرێت بۆ دڵنیابوون، بەڵام لە کۆی ئەو ژمارە بنکانە، ٦٢٦ وێستگەی دەنگدان خەڵک دەنگی داوە بەبێ ناسنامەی دڵنیاکەرەوە".
ئەو گوتەبێژەی تۆڕی ھاوپەیمانییەکانی چاودێریکردنی ھەڵبژاردن ئەوەیشی خستەڕوو کە، لەکۆی دوو ھەزار و ٢٤٠ بنکە ٣٩٦ وێستگە لەم پڕۆسەیەی ئەمرۆ لە سەرتاسەری عێراق نهێنی بوونی دەنگدانی لێ پێشێلکراوە بەو مانایەی کەسێک لەگەڵ کەسی دەنگدەر چووەتە کابینەی دەنگدان.
دەشتی سدیق گوتیشی: "لە کۆی ئەو بنکانەی دەنگدان ٣٩٦ وێستگەی دەنگدان راگیراون، چ بەھۆی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر و چ بەھۆی رێکاری ھونەری بووە، بەکۆی گشتی تا کاتژمێر پێنجی ئێوارە رێژەی دەنگدان لە سەرتاسەریی عێراق لە سەدا ٣٢ تێپەڕ نەبووە".