Zana Natık Kerem
10 حوزەیران 2026•نوێکردنەوە: 10 حوزەیران 2026
سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەلی زەیدی ڕایگەیاند کە پابەندەن بە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و بەھێزکردنی سەروەری عێراق، ھەروەھا پاراستنی بڕیاری نیشتمانی سەربەخۆی و جەختی لەوەش کردەوە کە دەبێت چەک تەنھا لەدەستی دەوڵەتدا بێت.
عەلی زەیدی لە ١٢یەمین ساڵیادی داگیرکردنی شاری مووسڵ لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە، پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە: "لە ١٠ی حوزەیران یەکێک لە پڕ ئازارترین وێستگەکانی مێژووی عێراقی نوێ بەبیردێنینەوە کە لەو ڕۆژەدا چەتە تیرۆریستییەکانی داعش شاری مووسڵیان داگیرکرد، ئەوەش لەچوارچێوەی پیلانێکی تاوانکاریدا کە یەکڕیزی گەلی عێراق، ئاسایش و سەروەرییەکەی کرابووە ئامانج، چونکە چەتە تیرۆریستییەکان ھەوڵیان دا پێکھاتەی نیشتمانی تێک بدەن و دامەزراوەکانی دەوڵەت لەناو ببەن و پڕۆژەیەکی تاریکی نامۆ بەسەر بەھا و مێژووی گەلی عێراقدا بسەپێنن".
سەرۆکوەزیرانی ڕاشیگەیاندووە: "چەتە تیرۆریستییەکانی داعش دوای کۆنترۆڵکردنی شاری مووسل، قێزەونترین تاوانیان دژ بە عێراقییەکان ئەنجامدا کە بەھۆیەوە بە ھەزاران کەسی بێتاوان کوژران، برینداربوون و بێسەروشوێنبوون، بەڵام دواتر ھێزە ئەمنییەکان، ھێزەکانی حەشدی شەعبی و پێشمەرگە لەگەڵ بە پاڵپشتیی وڵاتانی دۆست، تیرۆریستانی داعشیان تێشکشکاند و ناوچەکانی عێراقیان کۆنترۆڵکردەوە".
ھەروەھا عەلی ڕاشیگەیاندووە کە پابەندەن بە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و بەھێزکردنی سەروەری عێراق، ھەروەھا پاراستنی بڕیاری نیشتمانی سەربەخۆی و جەختی لەوەش کردەوە کە دەبێت چەک تەنھا لەدەستی دەوڵەتدا بێت.