Fakhradin Ibrahim Mohammad
31 ئادار 2020•نوێکردنەوە: 01 نیسان 2020
هەولێر - AA
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، رێواز فایق بە یاوەری ژمارەیەک پەرلەمانتار سەردانی پارێزگای هەولێری کرد.
لەمیانی سەردانەکەدا سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ پارێزگاری هەولێر، فرسەت سۆفی و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، عەلی رەشید و جێگرانی پارێزگار و ئەندامانی ژووری ئۆپەراسیۆنی هەولێر، کۆبووەوە.

بەپێی راگەیەندراوێکی پارێزگای هەولێر، لەمیانی سەردانەکەدا سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان سوپاسی پارێزگار و ستافی پارێزگای هەولێری کردووە بۆ ئەو رێوشوێنانەی کە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا گرتوویانەتە بەر.
لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەدراوە کە پارێزگاری هەولێر باسی لەو رێکارانە کردووە کە بۆ ئەم مەبەستە گیراوەتە بەر و رایگەیاندووە، وەک پارێزگای هەولێر لە یەکەم هەنگاودا لە ٢٠ شوباتدا دەستیانکردووە بە کەرەنیتنکردنی هەموو ئەوانەی لە ئێران دەگەڕانەوە و گوتی: "لەبەر ئەوەی ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییان لە فڕۆکەخانەی هەولێری نێودەوڵەتی و لە مەرزی حاجی ئۆمەران دەگەڕانەوە، بۆیە زۆرترین ژمارەی کەرەنتین لە هەولێر بووە، لە سنووری پارێزگاکەمان زیاتر لە سێ هەزار و ٣٠٠ کەس کەرەنتین کراون، لەو ژمارەیەش بەشێکی زۆریان تەواووبوون لە کەرەنتین و گەڕاونەتەوە ناو ماڵ و خێزانەکانیانەوە، ئێستاش ژمارەیەکی یەکجار زۆر پشکنین ئەنجامدەدەین بۆ گومانلێکراوان و ئەوانەشی کەرەنتین کراون".
فرسەت سۆفی جەختی لەوە کردووەتەوە کە لە هەولێر هەموو ئامادەباشییەکیان وەرگرتووە لەڕووی دابینکردنی پێداویستی پزیشکی و تەندروستیی و نەخۆشخانەی تایبەت بە کۆرۆنا و گوتی: "لەمبارەیەوە دەتوانین بڵێین هیچ کەم و کوڕییەکمان نییە".