Heman Hussein Yaseen
14 تەمووز 2025•نوێکردنەوە: 14 تەمووز 2025
هەولێر - AA
ئەمڕۆ دووشەممە، هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پیرمام کۆدەبنەوە و گفتوگۆ لەسەر بابەتە پەیوەنددارەکان بەدۆخی هەرێم دەکەن.
کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی و سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بافڵ جەلال تاڵەبانی بەڕێوەدەچێت.
لە کۆبوونەوەکەدا هەریەک لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکوەزیرانی هەرێم، مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکوەزیران قوباد تاڵەبانی بەشدار دەبن.
بەپێی زانیارییەکان هەردوولا دوو ڕەشنووسی جیاوازیان تایبەت بە کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم ئامادە کردووە و تاوتوێیی ڕەشنووسەکان دەکەن.
ئەوەش زانراوە کە گفتوگۆ لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا هەروەها هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دەکرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان-عێراق بەڕێوە چوو تێیدا پارتی دیموکراتی کوردستان ٣٩ کورسی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ٢٣کورسیی بەدەستهێنا.