Zana Natık Kerem
10 حوزەیران 2026•نوێکردنەوە: 10 حوزەیران 2026
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق ڕایگەیاند کە گرووپی کەتائیبی ئیمام عەلی چەک، داتای چەکدارانیان، ھەروەھا ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانیان ڕادەستی لیژنەی تایبەت بە ھەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکان و تێکەڵکردنیان بە ھێزە ئەمنییەکان کردووە.
پێشتر حکوومەتی عێراق لیژنەیەکی تایبەتی بە ناوی لیژنەی ھەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکانی سەربە حەشدی شەعبی و تێکەڵکردنیان بە ھێزە ئەمنییەکان، پێکھێنا.
لەوبارەیەوە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە گرووپی کەتائیبی ئیمام عەلی چەک، داتای چەکدارانیان، ھەروەھا ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانیان ڕادەستی لیژنەی تایبەت بە ھەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکان و تێکەڵکردنیان بە ھێزە ئەمنییەکان کردووە.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، سەرۆکی لیژنەکە، فەریق یەکەمی ڕۆکن قەیس محەمەداوی سەرپەرشتی پڕۆسەی وەرگرتنی دۆسیە و داتاکانی پەیوەندیدار بە چەکداران، چەک و کەلوپەلی سەربازیی لە کەتائیبی ئیمام عەلی کردووە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لەوەش کراوە کە ھەوڵەکان بەردەوامن بۆ تەواوکردنی قۆناغەکانی تێکەڵکردن و دووبارە ڕێکخستنەوەی گرووپە چەکدارەکان لەناو دامەزراوە ئەمنییەکاندا.
ھەروەھا لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوەخراوەتەڕوو کە ئەو ھەنگاوە لەچوارچێوەی ئەو ھەوڵانە نراوە کە لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە بۆ بەھێزکردنی سەقامگیریی، چەسپاندنی سەروەریی یاسا و سنووردارکردنی چەک لەدەستی دەوڵەت خراونەتەگەڕ.
ڕۆژی ٢٧ی مانگی ئایاری ٢٠٢٦ سەرکردەی ڕەوتی نیشتمانیی شیعە، موقتەدا سەدر ھەڵوەشاندنەوەی گرووپی "سەرایا سەلام" باڵی چەکداری ڕەوتەکەی و تێکەڵکردنی بە ھێزە ئەمنییەکانی دەوڵەت ڕاگەیاندبوو و، داواشی کردبوو کە سەرجەم گرووپە چەکدارەکانی سەربە حەشدی شەعبی، چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەت بکەن.
دوای ئەو ھەنگاوەی موقتەدا سەدر، ھەریەک لە بزووتنەوەی عەسائیبی ئەھلی حەق و کەتائیبی ئیمام عەلی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حەشدی شەعبی ھەڵوەشاندەوە و ڕایگەیاندبوو کە چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەت دەکەن و ھێزەکەیان دەخەنە ژێر فەرمانی فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق.