Heman Hussein Yaseen
15 مای,س 2020•نوێکردنەوە: 19 مای,س 2020
ههولێر - AA
ماوەیەکە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم کە پێی دەگوترێت ناوچەکانی ماددەی ١٤٠، کردەوەی تیرۆیستی و کوشتنی هاووڵاتییان زیادیکردووە و له سنووری قهزای مهخمووریش چەندەها دۆنم زەوی پڕ لە دەغڵودانی جووتیارانی کورد، بەر لە دروێنەکردنییان سوتێنران.
بەرپرسێکی ناوچەکەش ئاماژە بەوە دەکات کە تیرۆریستانی داعش بە ھاوکاری عەرەبە ھاوردەکانی ناوچە دەستیان کردووە بە سووتاندنی دەغڵودانی جووتیارانی کورد و جەختیش لەوە دەکاتەوە کە خەڵکەکە بەرۆژ لەگەڵ ھێزە عێراقییەکانن و بە شەو لەگەڵ گرووپە تیرۆریستییەکانی داعشن.
بەرپرسی لقی ٢٣ی قەرەچووغی پارتی دیموکراتی کوردستان، کرمانج عەبدوڵڵا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: ''ماوەیەکە تیرۆریستانی داعش دەستیان کردووە بە سووتاندنی دەغڵودانی ھاووڵاتیانی کورد لەسنووری مەخموور، بەتایبەت گڕتێبەردانەکەی چەند رۆژی رابردووی دەغڵودانی جووتیاران کە ئەوکات حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش بڕیاری دا تیمی ئاگرکوژێنەوە رەوانە بکات، بەڵام حکوومەتی عێراق ئامادە نەبوو پارێزگاری و ھەماھەنگی بکات و، ئێستاش لەم سنوورە دەسەڵات لە دەستی حکوومەتی عێراق و حەشدی شەعبییدایە".
کرمانج عەبدوڵڵا نیگەرانی خۆی لە ھەڵسوکەوتی ھێزە عێراقییەکان دەربڕی و گوتیشی: ''ئەوان نە خۆیان یارمەتی و ھاوکاری خەڵکەکە دەکەن نە رێگاش دەدەن ھاوکاری بکرێن، رێگاش نادەن تیمەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەدەم ھاوکاری و یارمەتیەکانی خەڵکەوە بچن''.
بەرپرسی لقی ٢٣ی قەرەچووغی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاشکرایشی دەکات کە ئەو ناوچەیە مەترسی زۆری لەسەرە بەھۆی بوونی داعش و عەرەبە ھاوردەکان و لەمبارەیەوە گوتی: ''سنووری مەخموور مەترسیی زۆری لەسەرە، چونکە تیرۆریستانی داعش دەستیان دەگاتە ھەموو شوێنێک و، عەرەبی ھاوردەی ناوچەکەش کاتی خۆی بە تەعریب ھاتوونەتە ناوچەکە، ئەوان بە شەو لەگەڵ داعشن و بە بە رۆژیش لەگەڵ ھێزەکانی حکوومەتن و ھەر ئەوانیش دەیانەوێت ئەو ناوچانە ئاسایی نەبێتەوە، چونکە ئەوانە بە نایاسایی ھاتوونە سەر موڵک و ماڵی کورد و بهرژهوهندی ئهوان له ئاسایینهبوونهوهی ئهو ناوچانهیەدایە".
هاوكات شایهتحاڵێكی ئاگركهوتنهوهكهی دهغڵودانی جووتیارانی كورد له مهخموور ئاماژه بهوه دهكات کە گومان لەسەر تیرۆریستانی داعش و عەرەبنشینانی گوندەکانی دەوروبەری قەزای مەخموور هەیە.
سەرپەرشتیاری رادیۆی مەخموور و شایەتحاڵ لە سووتانی دەغڵودانی جووتیارانی ناوچەکە، کارزان پیران سەبارەت بە را و بۆچوونی جووتیاران لەبارەی سووتانی دەغڵودانەکانییان، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "خەڵک دوو گومانی هەیە بۆ ئەنجامدەرانی ئەم کارە کە یەکێکیان تیرۆریستان داعش بن و ئەوەی دیکە عەرەبی ناوچەکەبن، چونکە پار ساڵیش جارێکی دیکە دەغڵودانی جووتیاران سووتينران و ماندووبوونی یەک ساڵیان بەفیڕۆچوو، گومان لە هەردوولا دەکرێت کە دەستیان لە ئاگرکەوتنەوەی دەغڵودانی جووتیارانی کورد هەبووبێت".
کارزان پیران گوتیشی: "شەوی رووداوەکەی سووتانی دەغڵودانی جووتیاران، خەڵکی مەخموور پەیوەندییان بە وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە کرد و دواتر وەزیری ناوخۆ بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە چەند ئۆتۆمبێلێکی ئاگرکوژێنەوەی لە هەولێرەوە رەوانەی شوێنەکە کرد بەڵام لە بازگەی بازاڕگە رێگایان پێیان نەدا بە بیانووی ئەوەی ناوچەکە داعشی لێیە، بۆیەش ئۆتۆمبێلەکان نەیانتووانی بگەنە شوێنی ئاگرکەوتنەوەکە".
رووبەڕی ئاگرەکە، ئاقاری چوار گوندی گرتبووەوە کە بریتیی بوون لە گوندەکانی گەڕەسۆر، پیرداود سوان، قەڵاتەسۆر و پاڵانییان، کە لە کاتژمێر دووی دوای نیوەڕۆ دەستیپێکرد و دوای نزیکەی لە ١١ کاتژمێر ئینجا ئاگرەکە کوژایەوە و سەرەڕای گەیاندنی زەرەر و زیانێکی زۆر بە جووتیارانی ناوچەکە.
کارزان پیران گوتیشی: "بە هەوڵی خەڵکی ناوچەکە توانرا ئاگرەگە لەوە زیاتر تەشەنە نەکات و، لە هەمانکاتدا ئاژەڵێکی زۆر بەهۆی ئاگرەکەوە سووتا بەتایبەت ئەوانەی وەرزی زاوزيیانە و دەنگۆی ئەوەش هەیە کە لەناو ئاژەڵە سووتاوەکان، مامزیش هەبووبێت".
ئەو شایەتحاڵە ئەوەش دەخاتەڕوو کە چەندین تراکتۆری خەڵک سووتا چونکە نەیانتوانی دەربازی بکەن و دەشڵێت: "کار گەیشتە ئەوەی کە هێزە ئەمنییەکان نەیانتوانی بڕۆنە پێش، چونکە داعش شەوانە باڵادەستە و ئاگرەکەش زیاتر تەشەنەی دەکرد، هەر بۆیەش مامۆستای مزگەوتی گەورەی مەخموور بانگی رادێرا کە داوای لە خەڵک کرد بە هانای جووتیارانەوە بچن و نزیکەی هەزار و ٥٠٠ گەنج و پیاو روویان لە ئاقاری مەخموور کرد و کەوتنە هەڵی کوژانەوەی ئاگرەکە، سەرەڕای هەوڵەکانیش لە کۆتاییدا کۆمەڵێک تراکتۆری جووتیاران سووتان و دوای ١١ کاتژمێر توانرا ئاگرەکە بکوژێنینەوە".
پار ساڵ جارێکی دیکە دەغڵودانی جووتیاران سووتێنرا و بەگوتەی ئەو شایەتحاڵە هیچ قەرەبوویەکی پار ساڵییان وەرنەگرتووە و دەشڵێت: "ئەم رووداوانە بەردەوام دووبارە دەبنەوە و پارساڵیش هەمان حاڵەت روویدا، یەکێک لە زەوییەکان هی ئێمە بوو، کە بە ٧٠ هەزار دۆلار مەزەندە دەکرا بەڵام هیچ قەرەبوویەکمان وەرنەگرت و داواش لە سەرکردایەتی سیاسیی کورد دەکەین کە ئەم بابەتە دووبارە دەبێتەوە و چونکە ئەم شوێنە هاوسنوورە لەگەڵ گوندە عەرەبەکان، دەکرێت هێزێکی عێراقی بە هەماهەنگی هەرێمی کوردستان بڵاوەی پێبکرێت تا رێگریی لە دووبارەبوونەوەی ئەم حاڵەتانە بکرێت".
چوارشەممەی رابردوو رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دیندار زێباری لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد کە لە دوای ھێرشی تیرۆیستانی داعش، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەوڵەکانی خستەگەڕ و چەند تیمێکی دامەزراند بۆ ناساندنی تاوانەکانی داعش بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوونی کەیسی کوردانی ئێزدی و پێکھاتەکانی دیکە و ئازادکردنیان.
زێباری ئاماژەی بەوەشکردبوو کە تا ئێستا دوو ھەزار و ٦٠٠ کەیسی رفێندراوانی ئێزدی، کریستیان، شەبەک و تورکمان تەواو بووە و زیاتر لە سێ ھەزار کەیسیش لە لێکۆڵینەوەدایە، ھەروەھا ھەزار و ٢٧٨ ئافرەت لە سەنتەری راوێژکاری پارێزگای دھۆک چارەسەر کراون، لەگەڵ ئەوەشدا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە رێگای نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان نوێنەرایەتی ھەرێم دەکات لە تیمی نیشتمانی سەر بە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ ھەماھەنگیکردن لەگەڵ تیمی لێکۆڵینەوە بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی بەرگریی عێراق لە چوار مانگی رابردوودا، بەهۆی رووبەڕووبوونەوە و کردە تیرۆریستییەکان لە عێراق، ١٧٠ هاووڵاتیی سڤیل و سەرباز بوونەتە قوربانیی و ١٣٥ تیرۆریستیش کوژراون.
لە ئامارەکانی وەزارەتی بەرگریی عێراقدا ئەوەشخراوەتەڕوو کە تا ئێستا ٦٣٧ شوێنی تایبەت بە بۆمبڕێژکردن، ٢٧٩ حەشارگە و تونێلی تیرۆریستان خاپووکران و شەش ھەزار و ٨٩ بۆمب و ٥١ پشتێنەی بۆمبڕێژکراو لەناوبراون.